کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

روستەم جەهانگیری: چوونەوەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بۆ رۆژهەڵات، ئیزنی هیچ لایەنێکی پێویست نیە

17:45 - 1 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: سێمینارێکی سیاسی بۆ رۆستم جەهانگیری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە شاری ئانتوێرپێنی وڵاتی بلژیک لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و بە تایبەتی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە، ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، سمینارێکی سیاسی بە بەشداریی نوێنەرانی چەند حیزبی سیاسیی کوردستان و بەرپرسی چەندین رێکخراوی مەدەنی و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، بۆ رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری ئانتوێرپێنی وڵاتی بلژیک بەڕێوەچوو.

سیمنارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

لە بڕگەی یەکەمی سێمینارەکەدا، رۆستەم جەهانگیری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حێزبی دێموکرات باسێکی گشتی لەسەر دۆخی کورد و دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییان لەسەر پرسی کورد پێشکەش کرد.

جەهانگیری لەم سێمینارەدا بە تیشک خستنە سەر رووداوە جۆراوجۆرە سیاسییەکان و شرۆڤەی ئەو رووداوانە، سیاسەتی حیزبی دێموکراتی لە هەمبەر ئەو ئاڵوگۆڕانە بۆ بەشداران شیکردەوە.

ئەم ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی دیکەی سێمینارەکەدا، باسی بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد.

لەم بەشەدا، روستەم جەهانگیری لەبارەی چۆنییەتی دروست‌بوونی تێکهەڵچوونی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و گریلاکانی پەکە کە شەهید و برینداربوونی ٤ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی لێ کەوتەوە کۆمەڵێک وردەکاری خستەڕوو و لەم پەیوەندییەدا دوایین ئالوگۆرەکانی بۆ بەشدارانی سێمینارەکە شی کردەوە.

جەهانگیری لە کۆتایی باسەکانی خۆیدا پێی لەسەر ئەو داگرتەوە کە خەباتی حیزبی دێموکرات تەنیا رووی لە دژبەری ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان لە ئێرانە و زیانی بۆ هیچ لایەنێکی کوردی نەبووە و نابێت و بۆ رۆیشتنەوەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، پێویست بە ئیزن وەرگرتن لە هیچ لایەنێکی کوردی ناکات.

پاش تەواو بوونی بەشی یەکەمی سێمینارەکە و پێشکەش‌کرانی بابەتەکانی رۆستەم جەهانگیری، کۆمەڵێک پرسیار لەلایەن بەشدارانەوە خرانە روو و ناوبراو بە وردی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.