کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیجری: هیچ حیزبێک بۆی نیە خۆی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا بسەپێنێت

18:13 - 2 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە سێمینارێکی سیاسی لە کۆڵندا کۆمەڵیک باس و بابەتی پێوەندیدار بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی خستە بەر باس و شیکارییەکی وردی لەسەر رووداوە سیاسییەکانی پێوەندیدار بە حیزبی دێموکرات و خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران پێشکەش کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆڕێکی سیاسی بۆ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان، چەندین نووسەر و رووناکبیری کورد، کەسایەتیی سیاسی سەربەخۆ و کوردانی دانیشتووی کۆڵن و ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزب لەو شارە بەرێوەچوو.

سێمینارەکە، بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان، دەستی پێکرد.

پاشان، مستەفا هیجری چەند وتەیەکی پیشکەش کرد و لە دەستپێکی قسەکانیدا، مەبەست لە دوایین سەفەری بۆ دەرەوەی وڵات و بەتایبەت وڵاتانی ئاڵمان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکای روون کردەوە.

مستەفا هیجری وتی: یەکێک لەو شتانەی کە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و بەتایبەت وڵاتانی ١+٥ باسمان لێوە کردووە، پرسی رێکەوتنی ناوەکی نێوان ئێران و ئەو وڵاتانە و کاریگەریی ئەو رێکەوتنە لەسەر گەلانی ئێران بووە. 

هیجری لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە وەک لایەنی کورد پێمان ‌وایە کە ئەو رێکەوتنە کاریگەریی زۆری لەسەر گەلانی ئێران دەبێت و ئێمەش بە پێویستمان زانی لەو بارەوە بە روونی را و بۆچوونی خۆمان وەک لایەنی کوردی لەگەڵ لایەنە بڕیاردەرەکان بێنینە بەر باس. 

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەو سێمینارە سیاسیەدا خەجت دەکاتەوە: رێکەوتنی رۆژئاوا لەگەڵ رێژیمی ئێران لەسەر مەسەلەی پیتاندنی ئورانیۆم، کاریگەرییەکی نێگاتیڤی زۆری لە پێوەندی لەگەل سیاسەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەدا هەیە. 

هیجری کاریگەرییە نێگاتیڤەکانی رێکەوتنی ناوەکی لەسەر دۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین بەو شێوەیە باس دەکات: رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکان کە لە دژی ئەو رێژیمە پەسەند کراون، ئابوورییەکەی تووشی بارودۆخێکی زۆر نالەبار بووە و ئەو رێژیمەی ناچار کردووە کە ئەو گەمارۆیانە لەسەر خۆی لابەرێت و سەر و سامان بە بارودۆخی ئابووریی خۆی بدات کە دەبێ ئەو مەرجانەی کە رۆژئاوا بۆی داناوە، قبووڵیان بکات و لە روانگەی ئێمەشەوە قبووڵیان دەکات چونکە هیچ رێگایەکی دیکەی نییە. 

ناوبراو دە درێژەدا دەڵێت: دیارە ئەو ئابوورییە ئەوە نییە کە بتوانێ ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران دابین بکات بەڵکوو ئەو ئابوورییەی کە شەڕی رێژیمی سووریە بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد درێژە پێ بدات، شەڕێک کە لە یەمەن بەردەوامە ، دەبێ بودجەکەی لەلایەن ئێرانەوە دابین بکرێ، حیزبوڵای لوبنان وەکوو رێژیمێکی سێبەری ئێران بۆ ئەوەی بتوانێ درێژە بە ئاژاوە بدات، دەبێ بودجەکەی دابین بکرێ.

مستەفا هیجری هەروەها بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە لە عێراق گرووپی تیرۆریستی داعش بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی لەلایەن ئێرانەوە دابین دەکرێ دەڵێت: کەوابوو بۆ رێژیمی ئیسلامیی ئێران زۆر گرینگە کە لەگەڵ رۆژئاوا بسازێت و بەگشتی بۆ ئێمە وەک لایەنی کوردی گرینگ بوو کە بۆ رۆژئاواییەکان را و بۆچوونی خۆمان وەک گەلی کورد لەگەڵیان لە پێوەندی بە رێکەوتنی وڵاتانی ٥+١ لەگەڵ ئێران و لەسەر پرسی ناوەکی و کاریگەرییەکانی لەسەر گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد بێنینە گۆڕێ.

مستەفا هیجری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پڕژایە سەر دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە و سیاسەتی تێکدەرانەی ئەو رێژیمە و ئامانجی رێژیم لەو جۆرە سیاسەت کردنە و لەو بارەوە ئاماژەی بە هاوکاری کردنی داعش لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کرد و وتی:رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە بە شوێن دروستکردنی ئیمپراتۆریی شیعە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدایە و بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە هیلالی شیعەیان پێک هێناوە و بە قەوڵی خۆی بتوانێ بەو هێزە لە بەرانبەر دوژمنی وەهمی خۆی دا رابوستێت.

سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات لە درێژەدا رایگەیاند: کەوایە هەموو وڵاتانی موسڵمانی سوننی لە مەنتقەدا و هەروەها خۆرئاوا و بە تایبەت ئامریکا دوژمنی ئێرانن، کە وابوو دەبێ هیلالێک بە دەوری خۆیدا بۆ ئەوەی مەحفووز بمێنێ، دروست بکات. بۆ ئەوەش پێکهێنانی شەڕ و ئاژاوە و قووڵترکردنەوەیانە و هەر ئەوەشە کە رێژیمی ئیسلامی نە تەنیا دوژمنی داعش نییە، بگرە هاوکاریشی دەکات و یەکێکە لەو لایەنانەی داعش بەهێز دەکات.

بەشی کۆتایی و سەرەکیی قسەکانی مستەفا هیجری، بۆ خەباتی گەلی کورد و هاوکاری و پێوەندی نێوان پارت و رێکخراوە کوردییەکان تەرخان کرابوو.

مستەفا هیجری لەو پێوەندییەدا وتی: هەرچەند گەلی کورد لە مێژە خەبات دەکات و توانیویەتی کۆمەڵێک دەستکەوتی گەورە بەدەست بێنێ، بەو حاڵەش بەداخەوە لە ناو خۆیدا نەیتوانیوە دۆست و دوژمن بە باشی لێک جیاکاتەوە، جاری وابووە هێندێک لایەن بە چاوی دۆستەوە لە دوژمنیان روانیوە و بە چاوی دوژمنیشەوە لە حیزبێکی خەباتکاری کوردییان روانیوە، ئەمەش رەوتی خەباتی گەلی کوردی تووشی هەوراز و نشێوی زۆر کردووە.

هیجری بەم شێوەیە درێژەی دا: دوژمن بەباشی توانیویەتی کەڵک لەم جۆرە سیاسەت کردنەی حیزبەکان وەربگرێ و گەلی کوردیش خەساری بەرکەوتووە. تەنانەت لە سەردانەکانمان بۆ وڵاتانی دەرەوە و هێنانەگۆڕی یارمەتی‌دانیان بە گەلی کورد، ئەوان بە روونی پێمان دەلێن کە یارمەتیتان دەدەین بەڵام ئەوەشمان لێ دەپرسن کە ئایا ئێمە خۆمان ئەو ئامادەگییەمان هەیە کە بتوانین کەڵک لەو یارمەتیانە وەرگرین و ئایا ئێمە توانیومانە نێوماڵی خۆمان رێک بخەین؟.

هیجری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئەگەرچی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ٧٠ ساڵە خەبات دەکات و لە ماوەی ئەو ٧٠ ساڵەشدا زۆری فیداکاری نواندووە و خاوەنی هەزاران شەهیدە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە بە تەنیا حیزبی دێموکرات مافی ئەوەی هەبێ کە بڕیاردەری سەرەکی لە کوردستان بێ، ئەوە بۆ حیزبەکانی دیکەش هەروایە. 

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە درێژەدا پێی لەسەر ئەوە دانا: حیزبێک کە خاوەنی هێزێکی زیاترە بە نیسبەت حیزبەکانیترەوە، ئەوە نابێ ببێتە ئەوەی کە هەوڵی سڕینەوەی لایەنەکانی دیکە بدات و خۆ بە سەر کۆمەڵگای کوردی دا بسەپێنێت.

مستەفا هیجری لەسەر پرسی رەوانە کردنی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بۆ سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هۆکارەکانی وتی: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەستکردن بە بەرپرسیارەتی و بە تێگەیشتن لەوەی کە هەر پارچەیەکی کوردستان ئەگەر بە شێوازێکی دێموکراتیک وڵاتی خۆی بەرێوەبەرێ، بێ گومان ئەوە لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان کاریگەری ئەرێنی دادەنێت و هەر ئەوەش وای کرد کە ئێمە رەچاوی باشووری کوردستان بکەین و نزیک بە بیست ساڵ لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم واز لە هێندێک لە چالاکییەکانمان بێنین، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە هاوکاری کردن دەبێ دوولایەنە بێ، ئەوە ناڕەوایە کە پێمان وابێ لایەنێک هەردەبێ ببەخشێ و لایەنێکی دیکە بە تەنیا ماف وەرگرێت.

هیجری لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەدات: لە لایەکی دیکەشەوە ڕەوتی گۆڕانکارییەکان بەخێرایی روودەدەن و ئەوەش ئەرکمان دەخاتە سەر شان کە پێویستە ئامادەگی ئەوەمان هەبێ کە لە ئەگەری هەرجۆرە گۆرانکارییەک بتوانین کەڵک لە وزە و هێزی خۆمان وەربگرین.