کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانی ئێران و ٥١٩ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ٣ مانگدا

00:02 - 3 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە راپۆرتێکی ئاماریدا تیشکی خستووەتە سەر ٥١٩ حاڵەت پێئشێلکاریی مافی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماوەی ٣ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا.

بەپێی راپۆرتی ئاماری ــ شیکاریی کوردپا و بە پشت بەستن بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ناوەندە پەیوەندییدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٣ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە پارێزگای سنە، تووشی ٥١٩ حاڵەت پێشلکاریی مافی مرۆڤ بوون.

ئامارە بڵاوکراوەکان باس لە رەوتی بەرزبوونەوەی پێشلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا دەکەن.

ئاماری پێشلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە ماوەی ٣ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا نیسبەت بە ٣ مانگی بەهاری ساڵی رابردوو کە ٤١٠ حاڵەت بوو، ٢٦% بەرز بوونەوەی بە خۆوە بینیوە و هەروەها بە نیسبەت بەهاری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویکە ٢٣٠ حاڵەت بووە، ١٢٣% بەرز بووەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی هەوڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٥٨ حاڵەت دەستبەسەرکران، ٣٢ حاڵەت مەحکووم‌کران بە زیندان، ١٣ حاڵەت کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران و ٤٣ حاڵەت کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی مەدەنی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران و ١٢ حاڵەت کوژران و برینداربوونی هاوڵاتیانی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین لە کوردستانی ئێران روویداوە.

هەروەها، راپۆرتی وەرزانەی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٤ حاڵەتی مانگرتن لە خواردنی زیندانییانی سیاسی و مەدەنی، ١٨ حاڵەتی گواستنەوە زیندانیان، یەک حاڵەت لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد، ٢ حاڵەت بانگهێشتی زیندانیان بۆ حەڕاسەت و دەفتەری بەرپرسی زیندان و ١٥ حاڵەت بێ‌بەش بوونی زیندانیانی سیاسی لە مورەخەسی دەرمانی و پێڕاگەیشتنی پزیشکی خستووەتە روو.

چوونەدەرەوی ناچاریی چالاکانی سیاسی و خوێندکاران لە ئێران، بێ‌بەش بوون و بەربەست دروست کردن لە درێژەدانی خوێندن، دوور خستنەوەی خوێندکاران بۆ زانکۆ دوورکەوتووەکان، وەرگرتنەوەی مافی وانە وتنەوە، دەستبەسەری چالاکانی مافی مرۆڤ، گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بنەماڵە سیاسییەکان و ئەشکەنجە‌دانی زیندانیانی سیاسی و هەروەها پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بەشێکی دیکە لە حاڵەتە پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێرانە کە لەلایەن ناوەندەکانی رێژیمی دەسەلاتداری دژی هاووڵاتییانی کورد رۆژانە روو دەدەن.

بەپێی ئەم راپۆرتە، هێزە ئەمنییەتییەکان و ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە ماوەی ٣ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە کوردستان ٢٥٠ حاڵەت پێشلکاریی مافی مرۆڤیان بە نیسبەت هاووڵاتیانی کوردەوە ئەنجام داوە.

هێزە نیزامییەکان و لیباس شەخسییەکانیش لە پێشلکارەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران هەژمار دەکرێن.