کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

RWB: رۆژنامەوانان لەلایەن سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانەوە سەرکوت دەکرێن

16:24 - 3 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور جارێکی دیکە کردەوەی سەرکوتکەرانەی سپای پاسداران رێژیمی ئێرانی بە دژی رۆژنامەوانان، مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور، سپای پاسدارانی بە راوی مرۆڤ لە توڕە کۆمەڵایەتییەکان مەحکووم کرد.

ئەم رێکخراوەیە لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە: رۆژنامەوانان وهەواڵنێران، بەردەوام دەکەونە بەر هێرشی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران.

لەم بڵاوکراوەیەدا هاتووە: زۆربەی رۆژنامەوانان بە هۆی چالاکی لە توڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تۆمەتگەلێک وەک هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و بانگەوازی نایاسایی لە توڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەستبەسەر کراون.

پێشتر رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور رایانگەیاندوو کە لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویەوە و بە دەستپێکی سەرکۆماری حەسەن رۆحانی نزیک بە ١٠٠ رۆژنامەوان لە ئێران دەستبەسەر و زۆربەیان بە زیندانی درێژخایەن مەحکووم کراون، بەرپرسارەتی زۆربەی ئەم دەستبسەرکراوانە لە ئەستوی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور، ئێران بە ١٩ رۆژنامەوانی زیندانی، پاش چین و ئێریترە بە ٢٩ و ٢٨ رۆژنامەوانی زیندانی، سێهەمین زیندانی گەورە بۆ رۆژنامەوانان هەژمار دەکرێت، رێژیمی ئێران بە زیندانی ١٠ رۆژنامەوان و هەواڵنێری ژن گەورەترین زیندانیی ژنانی رۆژنامەوانیش هەژمار دەکرێت.

هەروەها، ئامارە نیمەفەرمییەکانیش باس لەوە دەکەن کە هەنووکە ٦٤ رۆژنامەوان و هەواڵنێر لە ئێران دەستبەسەرن و سەرجەم بە ٤٧٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی کوردپا، ١٣ رۆژنامەوانی کورد لە گرتووخانەکانی رێژیمی ئێران راگیراون بە زیاتر لە ٧٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و زیندانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کراون.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند، مەسعوود و خوسرەو کوردپوور، عەدنان حەسەنپوور، کەماڵ شەریفی و قاسم ئەحمەدی لەو رۆژنامەوانە کوردانەن کە ئێستا لە گرتووخانەکانی رێژیمی ئیسلامی دەستبەسەرن و دەورانی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.