کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠٦ حاڵەتی لەسێدارەدان لە ماوەی ١٧ رۆژ و لە سێبەری دانوستانە ناوکیەکاندا

17:56 - 3 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ دوایین خولی دانوستانە ناوکیەکانی نێوان رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥، لە ماوەی ١٧ رۆژی کۆتایی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، ٢٠٦ هاووڵاتیی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە حاڵێکدا دوایین خولی دانوستانە ناوەکییەکان لە حاڵی بەڕیوەچوون‌دایە و سەرنجی کۆمەڵگای جیهانی بۆ لای دانوستانی ناوکیی ڤییەن راکێشراوە، ئاماری جێبەجێ کردنی حوکمی لە سێدارەدان لە ماوەی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە.

رێژیمی ئێران لە ماوەی ئەم مانگەدا، ٢٠٦ هاووڵاتیی لەسێدارە داوە.

پێشلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە و ئەمەش بەردەوام نیگەرانیی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و بەسەرنجدان بە دانوستانە ناوکییەکان لەگەل گرووپی ١+٥ و پەراوێزخرانی بابەتی پێشلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران، کەڵکاژۆی لەو پەراوێزخرانە وەرگرتووە و بەبێ هیچ سەرنجێک بە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرچاو پێشلکاریی مافی مرۆڤی لە ئێران گرتووەتەبەر.

چەند رۆژ پێش هەر لەم پەیوەندییەدا، مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاندبوو کە رێکەوتنی ناوکی، پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران دەخاتە پەراوێزەوە.

کوردستانی ئێران بەردەوام یەکێک لەو ناوچانەیە کە حاڵەتگەلی پێشلکاری مافی مرۆڤ بە شێوەی بەرچاو روو دەدەن.

لەم پێوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە راپۆرتێکی ئاماری- شیکاریدا، باس لە ٥١٩ حاڵەت پێشلکاری مافی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێ مانگی سەرەتای سالێ ١٣٩٤ی هەتاوی دەکات.

ئاماری پێشلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە ماوەی ٣ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا نیسبەت بە ٣ مانگی بەهاری ساڵی رابردوو کە ٤١٠ حاڵەت بوو، ٢٦% بەرز بوونەوەی بە خۆوە بینیوە و هەروەها بە نیسبەت بەهاری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویکە ٢٣٠ حاڵەت بووە، ١٢٣% بەرز بووەتەوە.

پاش هاتنە سەر کاری حەسەن رۆحانی سەرکۆماری رێژیمی ئێران، پێشلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان رەوتی بەرزوونەوەی بە خۆوە گرتووە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە سەرکۆماری رێژیمی ئێران بە بەڵێنی باشتربوونی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بوو بە سەرکۆمار.

مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا سەر ئەو بڕوایەیەوە کە مەسەلەی گوڕینی کاربەدەستان لە ئێران رواڵەتییە.

هیجری پاش هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئێران و هاتنە سەرکاری رووحانی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی رۆژ رایگەیاندبوو کە تەنانەت ئەگەر وا بیر بکەینەوە کە رۆحانی بیهەوێ بەڵێنەکانی جێ‌بەجێ بکات، دەبێ ئەوە بزانین کە سەرکۆمار لە ئێران توانا و مەجالی دروستکردنی هیچ گۆڕانکارییەکی نییە.