کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەرەتای ساڵەوە تاکوو ئێستا، ٩ کۆڵبەر کوژراون

15:26 - 7 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنووریەکانی ئورمیه کوژرانی کۆڵبەرێکی دیکەی لێکەوتەوە و هەروەها هێزەکانی رێژیم لە پاوە دەستییان بەسەر کەلوپەلی کۆڵبەراندا گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، هێزە نیزامییەکانی هەنگی مەرزیی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە ناوچەی سنووری سێرۆ سەر بە ئورمیە، کاروانی کۆڵبەرانیان داوەتە بەر دەسترێژی تەقەی راستەوخۆ و کۆڵبەرێکی کورد بە ناوەی خەسرەو ئەمین‌زادە خەڵکی زیندەشت خەڵکی سەڵماس، گیانی خۆی لەدەست دا.

دەوترێت، هاووڵاتیانی کوردی ناوچە سنوورییەکان بەهۆی بێ‌ دەرەتانی و نەبوونی پیشەیەکی شیاو، روویان لە کاری مەترسیداری کۆڵبەری کردووە و زۆر جاریش ئەو سەرچاوەی ژیانە، بە نرخی لەدەست دانی گیانیان تەواو دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆڵبەرانی کورد بەبێ هیچ ئاگاداریەکی هێزە نیزامیەکان، لەلایەن ئەوانەوە دەدرێنە بەر تەقەی راستەوخۆ و گیانیان لێ ئەستێندرێت.

هەروەها، لە ماوەی رۆژانی رابردووشدا، هێزە نیزامییەکانی هەنگی مەرزیی سپای پاسداران لە نەوسوود سەر بە شارستانی پاوە، بۆسەیان بۆ کۆڵبەران ناوەتەوە و تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و دەستیان بەسەر کەلوپەلی کۆڵبەراندا گرتووە.

بە پێی مادەی ٧ لەیاسای بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئێرانەوە، پێشتر دەبێ‌ئاگادار کردنەوە (اختار) بە کەسی تاوانبار یان گومان لێکراو بدرێ‌و ئەگەر ئەنجامی نەبوو لە قۆناغی دووهەمدا تەقەی هەوایی بکرێ‌و ئەگەر تەسلیم نەبوو لە کەمەر بۆ خوارێ‌بپێکرێ‌و کاتێک تەقە لەکەمەر بەرەو خوار دەکرێ‌تەنیا دەبێ‌لەلاقی بدرێت‌.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئامارەکان نیشان دەدەن کە لە ماوەی ٣ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٣ کۆڵبەر بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم لە سنوورەکانی کوردستان کوژراو و بریندار بوون کە لەو هەژمارەدا ٨ کەس کوژراو و ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.