کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ دیداری شاندی پارتی دێموکراتی کورد لە سووریە و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات

16:58 - 7 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی دێموکراتی کورد لە سووریه سەردانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ ئاڵمانی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی پارتی دێموکراتی کورد لە سووریە بە سەرپەرستی عومەر عەلی کۆ بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمان و ئەندامی کۆمیتەی دەرەوەی ئەو حیزبە سەردانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن شاندێکی کۆمیتەی حیزب بەسەرپەرستی شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتە پێشوازی لێکرا.

سەرەتا شاندی پارتی دێموکراتی کورد لە سووریه، باسیان لە کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە ئاڵوگۆڕەکانی سووریە بەگشتی و کوردستانی رۆژئاوا و بارودۆخی هێزە سیاسیەکانی کورد لەو بەشە کرد.

دواتر شەهریار نەقشبەندی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لەو سەردانە و پێوەندیی دۆستانەی حیزبی دێموکرات لەگەڵ حیزبەکانی کوردستانی رۆژئاوا و بەتایبەت لەگەڵ پارتی دێموکراتی کورد، باسێکی لەسەر بارودۆخی ئێستای سووریە، ناوچە و کوردستان و ڕوانگە و بیروباوەڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو بارەوە کرد.

نەقشبەندی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی خۆیدا پشتیوان و یارمەتیدەری پارچەکانی دیکەی کوردستان بووە و پێداگری لەسەر پاراستنی یەکریزی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا کردووە.

بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات ــ ئاڵمان هەروەها رایگەیاند: حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی بەرپرسیار و نەتەوەیی لەسەر ئەو بڕوایە بووە کە پێویستە هەرکام لە پارچەکانی کوردستان بەپێی هەڵکەوتەی سیاسی و جوغرافیایی خۆی و لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی کە خاکی کوردستانیان بەسەر دابەش بووە، ویست و خواستەکانیان بخەنە‌ڕوو و بە یەکگرتوویی و هاودەنگیی نێوانیان درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان لە هەرکام لە بەشەکان و بەبێ دەسێتیوەردان لە بەشەکانی دیکە درێژە پێ‌بدەن و لە ئەگەری توانا و دەرفەتیشدا پشتیوان و یارمەتیدەریی بەشەکانی دیکە بن، لە بەر رووناکایی ئەو تێڕوانینەشدا حیزبی دێموکرات پشتیوانی لە سەرکەوتنەکانی کورد لەو بەشە لە کوردستان دەکات و ئاوات بۆ یەکریزی و یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژئاوا دەخوازێت.

شەهریار نەقشبەندی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرکوتکاریەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێران، دۆخی نالەباری گەلانی ئیران و بەتایبەت گەلی کورد، دەستێوەردانەکانی ئەو رێژیمە لە ناوچە بەگشتی و لە عێراق و سووریە بەتایبەتی، خەبات و تێکوشانی کورد لە پێناو وەدیهێنانی مافە رەواکانی و بەتایبەتی خەباتی دەیان ساڵەی حیزبی دێموکراتی بۆ شاندی پارتی دێموکراتی کورد شی کردەوە.

پاشان، شاندی پارتی دێموکراتی کورد خۆشحاڵیی خۆیان لەو پێشوازییە دەربڕی و بەگەرمی پیشوازیان لە سیاسەتی حیزبی دێموکرات لە هەمبەر پارچەکانی دیکەی کوردستان کرد و هەردوو لایەنیش پێداگریان لەسەر درێژەپێدان بە پەیوەندییە دۆستانەکانیان کرد.