کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەهانگیری: کێشەی حیزبی دێموکرات و PKK بەو شێوەیەی کە حیزبی دێموکرات لە یەکەم رۆژەوە خوازیاری بوو چارەسەر کرا

18:01 - 7 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: سێمینارێک بۆ رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە شاری ئالبۆرگ لە وڵاتی دانمارک لە بارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و بە تایبەتی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٦ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە مەبەستی روونکردنەوەی سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە بارودۆخی ئێستای کوردستان، ئێران و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و رووداوی ئەم دواییانەی کێلەشین لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزب و گەریلاکانی پ. ک. ک، سێمینارێکی سیاسی لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات ــ دانمارکەوە بۆ رۆستەم جیهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب رێک خرا.

لەم سێمینارەدا، ژمارەیەکی بەرچاوی کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە و نوێنەری حیزب و رێکخراوە سیاسی و مەدەنیە کوردییەکان بەشدار بوون.

سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەسەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات سەرەتا باسی لە بارودۆخی ئێستای رێژیمی ئیسلامی و هەڵسوکەوتی رێژیم لەگەل کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بە تایبەتی دوو پرسی گرینگی پڕۆژەی ناوەکیی ئێران و دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچە و جیهاندا کرد.

لەو بوارەدا جەهانگیری باسی ئەوەی کرد کە رێژیم بەو سیاسەتانەی هەم بە تەواوەتی سیستمەکەی تووشی کێشە و گرفت و تەریکە کەوتنەوەی زۆر کردووە و هەم گەلانی ئێرانی بەو سیاسەتە ئابوورییە شپرزەی کە پەیڕەوی دەکا، تووشی بێکاری، نەداری و برسیەتی کردووە.

رۆستەم جەهانگیری لەبارەی دروست‌بوون و پەرەسەندنی گرووپی داعش تیشکی خستە سەر ئەوە راستییە کە رێژیمی ئیسلامی پشتیوانی ئەو رێکخراوە تێرۆریستییەیە و روونی کردەوە کە ئامانجی رێژیمی ئێران لەو پشتیوانییە، دروستکردنی کێشە بۆ جیهان و بۆ ناوچەیە، بەتایبەتی هێرشی داعش بۆ باشووری کوردستان پیلانی راستەوخۆی رێژیمی ئێران بە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگای نفووزی خۆی لە نێو داعشدا بوو.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لە چۆنیەتیی بەرەوڕوو بوونەوەی کورد لەگەل داعش و بەشداریی حیزب لە رۆژەکانی یەکەمی هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەسەر داوای فەرمیی حکوومەتی هەرێم و کشانەوەی پێشمەرگەی حیزب لە بەرەکانی شەر بە بڕیاری هەرێم کرد و لە بارەی پاشەکشە پێکردنەوەی رایگەیاند کە ئەو بەشە لەو بڕیارە بە جۆرێک دەستی رێژیمی ئیسلامی لە پشت بووە.

جەهانگیری هەروەها روونکردنەوەیەکی وردی لەسەر کێشەی ئەم دواییانەی کێلەشین پێشکەش کرد و لەو بارەیەوە رایگەیاند: کێشەکە کەمڕەنگ بووەتەوە و حیزبی دێموکرات و پ. ک. ک تا رادەیەک بە تەفاهوم گەیشتوون.

ناوبراو لە درێژەدا رایگەیاند، لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا بە هەوڵ و هیمەتی دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سێ دانیشتندا مەسەلەکە بەو جۆرە چارەسەر کرا کە ئێمە هەر لە رۆژی یەکەمی گرژییەکەدا خوازیاری بووین.

لەم بەشەدا، جەهانگری لە بارەی چۆنیەتی دروستبوونی تێکهەڵچوونی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و گەریلاکانی PKK کە شەهید بوونی کادرێک و سێ پێشمەرگەی حیزبی لێکەوتەوە کۆمەڵێک وردەکاری خستەڕوو و وتیشی تەنیا بڕیاری بەرپرسێکی نیزامی نەبوو، بەڵکوو بڕیاری راستەوخۆی ئۆرگانی بڕیاردەری ئەو لایەنە بوو.

ئەم ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆتاییدا، جەختی کردەوە: حیزب بڕیاری داوە کە لە سنوورەکان بە پێی ئیمکان بنکە و بارەگاکانی دابنێتەوە و لەو بوارەشدا جگە لە هەماهەنگی لەگەل هێزە پەیوەندییدارەکان، ئیزن لە هیچ حیزب و رێکخراوێک وەرناگرێ بۆ ئەو حەرەکەتەی خۆی و کاتی ئەوەیە کە حیزب ڕاستەوخۆ لەگەل خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات دا پەیوەندی هەبێت.