کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریندارێکی خۆپیشاندانەکانی مەهاباد گیانی بەخت کرد

23:12 - 8 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: ئاکام تەلاج، کە بە هۆی تەقەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامی لە خۆپیشاندەرانی کورد لە شاری مەهاباد بریندار ببوو، پاش ٥٣ رۆژ لە نەخۆشخانەی ئورمیه گیانی لە دەستدا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٤، ئاکام تەلاج، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی نەغەدە و خوێندکاری زانکۆی ئازادی مەهاباد کە پێشتر لە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕدا بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامی لە خۆپیشاندەرانی کورد لە بەردەم هوتێل تارای شاری مەهاباد بریندار بوو، گیانی بەخت کرد.

ئاکام تەلاج کە یەکێک لەو خۆپیشاندەرانە بوو کە بە هۆی تەقەی هێزە نیزامیەکان بریندار ببوو، بۆ نەخۆشخانەی شاری مەهاباد و پاشان بە هۆی ناجێگیربوونی باری جەستەیی و قووڵی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ئورمیه راگوێزرابوو.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەنیا هەواڵدەریی کوردستانی رۆژهەڵاتە کە تاکوو ئێستا راپۆرتی گیانبەختکردنی ئاکام تەلاجـی بڵاو کردووەتەوە و لەو راپۆرتەدا رایگەیاندووە کە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی ئاکام رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

ئەم سەرچاوە هەواڵدەرییە رایگەیاندووە کە بەرپرسانی نەخۆشخانەی ئورمیه و ناوەندە ئەمنیەتیەکانی رێژیمی ئیسلامی بە مەبەستی پێش گرتن لە هەر چەشنە ناڕەزایەتیەک، لە رادەستکردنەوەی تەرمی ئاکام بە بنەماڵەکەی خۆ دەبوێرن.

رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، هاووڵاتیانی کورد کە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتیی بە مەرگی فەریناز خۆسرەوانی لە بەر دەم هۆتێل تارای مەهاباد کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێک خستبوو لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و نیزامیەکانی رێژیمی ئیسلامیەوە هێرشاین کرایە سەر و بەو شێوەیە خۆپیشاندانی هێمنانەی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی کێشرایە توندوتیژی و هاووڵاتیانی کورد لەو خۆپیشاندانە لەلایەن هێزە نیزامیەکانەوە درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و ئەمەش برینداربوونی چەندین هاووڵاتیی کوردی لێ کەوتەوە.

تەقەی راستەوخۆی هیزە نیزامیەکانی رێژیمی ئیسلامی لە خۆپیشاندەرانی مەهاباد و برینداربوونی چەندین خۆپیشاندەر لە حاڵێکدابوو کە ناوەندە‌پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئیسلامی رایانگەیاندبوو کە هێزەکانی رێژیم هیچ توندوتیژیەکیان بە نیسبەت خۆپیشاندەران نەنواندووە.

ئاکام تەلاج، یەکێک لە بریندارانی توندوتیژیی هێزەکانی رێژیم بە نیسبەت خۆپیشاندەرانی مەهاباد لە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ لە بەردەم هوتێل تارا، ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی پووشپەڕ پاش ٥٣ رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ، دواجار گیانی بەخت کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی، لە بنەماڵە و کەسوکاری ئاکام تەلاج سەرەخۆشی دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەی لەدەستدانی ئەم لاوە شۆڕشگێرە کوردە بە شەریک و بەشدار دەزانێت.