کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی شەهیدبوونی ئاکام تەلاج

01:12 - 9 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: سکرتاریەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی شەهیدبوونی ئاکام تەلاج، یەکێک لە خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی مەهاباد، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی تەواوی ئەم راگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی بەڕێز
رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران

بە داخ و پەژارەوە رایدەگەیێنین کە ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، رۆڵەی کورد ئاکام تەلاج، خوێندکار و خەڵکی شاری نەغەدە کە لە رەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری مەهاباد بە ناڕەزایەتی بە مەرگی گۆماناویی فەریناز خوسرەوانی بە گولـلەی پاسدار و بەکرێگیراوانی رێژیم بە توندی بریندار کرابوو، دوای ماوەی نزیک بە دوو مانگ کە لە نەخۆشخانەی شارەکانی مەهاباد و ورمێ لەگەڵ مەرگ بەربەرەکانێی دەکرد و لە ژێر چارەسەریی پزیشکیدا بوو، بە هۆی قووڵی برینەکانی گیانی بەخت کرد و چووە ریزی کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە.

شەهیدبوونی ئاکام تەلاج لە حاڵێکدایە کە هێشتا برینی سەر جەستەی کورد بە شەهیدکرانی یەکێکی‌تر لە رۆڵە گیان‌ لەسەردەستەکانی کوردستان، مەنسوور ئاروەند چالاکی سیاسی کە لە ئەشکەنجەگاکانی رێژیمی ئیسلامی لە سێدارەدرا ساڕێژ نەبووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی داخ و پەژارە بۆ لەدەستچوونی ئەو لاوە خوێندکارەی کورد، سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی بنەماڵەی بەڕێزی تەلاج و هەموو دۆستان و ئاشنایانی دەکات و خۆی لە خەمیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.

شەهید ئاکام، شەهیدی رێگای رزگاریی کورد و خەبات دژی زۆرداری و دیکاتۆرییەتە و دڵنیاین کە خەڵکی کوردستان بە رێبازی ئەو شەهیدانە وەفادار دەمێننەوە و لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا تێ دەکۆشن.

رۆحی ئاکام شاد و رێگای سەرکەوتنی پڕ رێبوار بێت

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتاریەت
٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی