کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای بەڵێنییەکان رێژەی بێکاری لەئێران لەپەرەسەندن دایە

16:21 - 11 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: سەرەڕای بەڵێنی بەرپرسان، دەسەڵاتداران و ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران سەبارەت بە بنبڕکردنی و نەهێشتنی هەژاری و بێکاریی، ئەو قەیرانە بەرۆکی زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەسی گرتووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ناوەندی ئاماری رێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە رێژەی بێکاریی لە سێ مانگی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ هاوشێوەی دوو ساڵی رابردوو چوونە سەری بە خۆیەوە بینیوە.

ئەو ناوەندە ئامارییە نرخی بێکاری ئەمساڵی لەسەدا ١٠.٦راگەیاندووە و بەم پێیە ١٠ ملیۆن کەس دەچنە بازنەی بێکاریی و هەژارییەوە.

بە وتەی کارناسان بەشێکی بەرچاو لە ئامار و داتاکانی فەرمیی رێژیمی ئێران دوورن لەراستی و ئامارە راستەقینەکان باس لە رێژەیەکی زۆر زیاتری بێکاریی لەوەی کە هەیە دەکەن.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی نێودەوڵەتی پەرەسەندنی مرۆیی، وڵاتی ئێران بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی جیهان پلەی ٧٥یەمی بۆ بێکاریی و هەژاری لە جیهاندا هەیە.

پارێزگا کوردنشینەکانی ئێرانیش (ئیلام، کرماشان، سنە و ئورمیە) لەو قەیرانە بێبەری نەبوون و بە پارێزگا هەژار و بێکارەکانی ئێران دێنە ئەژمار.

بە پێی تازەترین ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران رێژەی بێکاری لە (ئیلام ١٢.٢)، (کرماشان ١٣.٧)، ورمێ(١٠.٧) و ( سنە٩.٨) راگەیەندراوە.

ئەو ئامارە تایبەت بە سێ مانگی بەهاری ساڵی ١٣٩٤ـە.

چوونە سەری بێکاری لە کوردستان لە حاڵێکدایە کە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی رێژیم بە بەردەوامی بەڵێنیی باشتر کردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتیانیان داوە و تەنانەت حەسەن روحانی سەرکۆماری رێژیمی ئێرانیش نەیتوانی ئەو قەیرانە کەم بکاتەوە.

بە باوەڕی کارناسان گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سەر ئێران، داخرانی زۆربەی یەکە پیشەییەکان و کۆتایی هێنان بە وەبەرهێنان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروست بوونی قەیرانی ئابووری و نەمانی هەلی کار لە ئێران دێنە ئەژمار.

ژمارەیەک کارناسی دیکەش دەڵێن: هۆکاری پەرەسەندنی هەژاریی لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ یارمەتییە ماڵییەکانی ئێران بە رێژیمی بەشار ئەسەد، میلیشیاکانی حیزبوڵڵا، حوسییەکان و ژمارەیەک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق.