کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی نوێنەرایەتی حیزبە رۆژهەڵاتیەکان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فینلاندیان کرد

22:50 - 11 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: دەستەی نوێنەرایەتی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەردانی دەستەی مافی مرۆڤی بەشی سیاسی و ستراتێژی وەزارەتی دەرەوەی فینلاندیان کرد و لەلایەن بەرێوەبەری بەشی مافی مرۆڤی ئەو وەزارەتخانەیەوە پێشوازیان لێکرا.

بە پێ راپورتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە ١٠پووشپەڕی ١٣٩٤ هەتاوی، بە بۆنەی نۆیەمین ساڵڕۆژی زیندانی بوونی محمەد سەدیق کەبوودوەند دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و بەمەبەستی گەیاندنی دەنگی نارەزایەتی خەڵکی کورد بەرانبەر بە سیاسەتی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامی بە دەوڵەتی فینلاند، دەستەی نوێنەرایەتی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی بەشی مافی مرۆڤی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی فینلەندیان کرد.

لەو دیدارەدا دوکتۆر نینا نۆردستروم بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ وەزارەتی دەرەوە، یانینا هاسێنسۆن جێگری بەرپرسی گشتی بەشی مافی مرۆڤ و ئانماری فرۆبێرگ راوێژکاری سیاسی مافی مرۆڤ و هەروەها شنە رەزابی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ولاتی فینلاند بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

لەو دیدارەدا دەستەی نوینەرایەتی وێرای پێشکەش کردنی راپۆرتێکی پوخت لە سەر پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستان، وەرگێڕاوی ئەو یاسایانەی کۆماری ئیسلامی کە بەو پێیە چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەستبەسەر، زیندانی و ئێعدام دەکرێن، نامیلکەیەکیان لە سەر سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی و پرسی کورد لە ئێران، پێشکەشی نوێنەرایەتی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی فینلاند کرد.

لە پێوەندی لە گەڵ پێشێلکاری مافی مرۆڤ، دەستەی نوێنەرایەتی حیزبە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، داوانامەیەکیان ئاراستەی وەزارەتی دەرەوە کرد کە دەوڵەتی فینلاند لە رێگای پێوەندییە دیپلۆماسی دوولایەنە و لە رێگای پێوەندیەکانی ئەنجوومەنی ئورووپاوە ئێران ناچار بکەن، دەست لە سەرکوت و ئازار و ئەشکەنجەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد هەڵبگرێت.
هەروەها لە وڵاتی فینلاند داواکرا کە بە لەبەرچاوگرتنی دۆکتورینی سیاسەتی دەرەوەی خۆیان لە مەڕ پاراستنی مافی مرۆڤ، هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ئازادکردنی محەمەدسەدیق کەبوودوەند سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وەگەڕ بخەن.

دەستەی نوێنەرایەتی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لە هاوکاری هێزە سیاسیەکانی کوردستان، لە پێوەندی لە گەڵ کارو چالاکی و سیاسەتەکانی دەوڵەتی فینلاند لە پێوەندی لەگەڵ مافی مرۆڤ لە ئیراندا شیکردنەوەیان دا و باسیان لەوە کرد کە دەوڵەتی فینلاند بە بایەخەوە بە پرسەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ و گەشەکردنی کۆمەڵگای مەدەنی سەرنج دەدات.
دیدارەکە دوای هێنانە بەرباسی هێندێک پێشنیاری کردەوەیی بۆ هاوکاریەکانی داهاتوو کۆتایی پێهات.