کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێکی بەرچاو لە چیای ئاویەر لەئاگردا سووتا

16:22 - 13 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: دارستان و لێڕەوارەکانی چیای ئاویەر کە بەناوچەیەکی گەشتیاریش دێتە ئەژمار لە ئاگردا سووتاوە و بە وتەی هاووڵاتییان رێژیمی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک و بۆ مەرامی تایبەتی خۆی ئاگر لەدارستانەکانی کوردستان بەردەدات.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، کەس یان کەسانێکی نەناسراو ئاگرییان لەچیای ئاویەر بەردا و لە ئەنجامدا رووبەرێکی زۆر لە لێڕەوارە و دارستانەکانی ئاویەر لە ئاگردا سووتان.

بە پێی سەرچاوەکانی ئاگادار لەو رووداوە ئەو ئاگرە لە چوار لاوە لە ئاویەر بەردراوە.

سەیرانگای گوێزەکوێر یەکێک لەشوێنە دڵڕفێن و گەشتیارییەکان بووە کە خەسارێکی زۆری ژینگەیی پێگەیشتووە.

هاووڵاتییانی شاری سنە گومانیان لەو ئاگرکەوتنەوەیە هەیە و باوەڕییان وایە کە ئەو ئاگرە بە ئەنقەست و ئەگەری ئەوە هەیە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمەوە ئەنجام درابێت.

هەروەها هاووڵاتییان لەو بڕوایەدان، ئاگردانی دارستانەکان بە ئەنقەست روو دەدات و مەبەستیش لەو کارەی سپای پاسداران ئەوەیە کە حەشارگەی دژبەرانەکانیان لەناو ببات و بە ئاسانی بتوانێ کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکات.

ئاگر کەوتنەوەکەی ئاویەر بە هاوکاریی هاووڵاتییان و لاوانی ژینگە پارێزی پارێزگای سنە، کۆنتڕۆڵ کراوە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو پارێزگایە بە دارستان و ناوچەی سروشتی داپۆشراوە بەڵام لە بوونی هێلی کۆپتێر بۆ رووداوی لەو چەشنە بێبەرییە.

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ لەمەوبەر لێڕەوارەکانی شاری سەردەشتیش کە بریتی بوون لە دارستانەکانی ناوچەی شێخ برایم بادام، دارستانەکانی پشتی پۆمپی بێنزین و دارستانەکانی دەورووبەری کچل ئاوا ئاگرییان گرتبوو.

چەند رۆژ پێش ئێستاش، ٨ هێکتار لە دارستانەکانی مەجەسە و بلوە ی شاری بانە، تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون و پاش چەندین کاتژمێر توانرابوو ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

دەوترێ ئەو ئاگرکەوتنەوەییە خەسارێکی بەرچاوی بە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە گەیاندووە و بە هەوڵی ئەندامانی ئەنجومەنی پاژن لە شاری بانە کونترۆڵ کراوە.

بەپێی راپۆرتێک کە پێشتر لەلایەن چالاکانی ژینگەپارێزییەوە بڵاو بووەتەوە نزیکەی لەسەدا ٢٠ی دارستانەکانی داربەڕووی کوردستانی رۆژهەڵات بە هۆی ئاگرکەوتنەوە بۆ هەمیشە توانای روانەوەیان لە دەست داوە.

ساڵانە پانتایی‌یەکی زۆر لە دارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگاکانی کوردستان و بە تایبەت ناوچە سنوورییەکان ئاگریان تێبەر دەدرێت و بەرپرسانی رێژیم هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵناگرن.

وێنە: فەیسبووک