کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەردەشت گرانی دەوا و دەرمان هاووڵاتیانی نیگەران کردووە

17:48 - 13 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: هاووڵاتیانی شاری سەردەشت لە پارێزگای ئورومیە لە کەمی و گرانی دەوا و دەرمان نیگەرانن، هەروەها باس لە پێنەدانی خزمەتگوزاری لەلایەن نەخۆشخانەی شارەکەشەوە دەکەن.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کەمی دەوا و دەرمان خەڵکی وەزاڵە هێناوە و سەرەڕای ئەو قەیرانە نەخۆشخانەی شاری سەردەشتیش خۆی لە دانی دەرمان و وەرگرتنی نەخۆش دەبوێرێ.

ئەو بارودۆخە نیگەرانی زۆری لای هاووڵاتیانی کەم داهاتی شاری سەردەشت بە تایبەت دانیشتوانی ئاواییەکان دروست کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەشێک لەدانیشتوانی ئاواییەکانی سەردەشت لە نەخۆشخانەی ئەو شارە دەفتەرچەی بیمەی رووستاییان لێ قبوول ناکەن و بە ناچاری دەرمان بە نرخێکی گران دەکرن.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، نەخۆشخانەی شاری سەردەشت خۆی لە وەرگرتنی هیندێ نەخۆشی تایبەتیش دەبوێرێ و خەڵک بە ناچاری روو دەکەنە شارەکانی دیکەی ئێران و کوردستان.

ماوەی چەند ساڵە بە هۆی گەمارۆکان وڵاتی ئێران تووشی قەیرانی ئابووری و یەک لەوان کەلوپەلی پزیشکی و دەوا و دەرمان هاتووە.

لەئێران پێش لە گەمارۆکان و تێکچوونی باری ئابووری ئەو وڵاتە هێندێ دەرمانی نەخۆشی ام اس ٤٠ هەزارتمەن بوو و پاش قەیرانەکە گەیشتە ١٤٠ هەزار و تێچووی مانگانەی دەرمانی نەخۆشێک یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەنە.