کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری هەڵوەشانەوەی حوکمی سامان نەسیم لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە

22:11 - 13 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: بنەماڵەی سامان نەسیم، زیندانیی سیاسیی کورد چاوەڕوانی جاوپێکەوتن لەگەڵ رۆڵەکەیانن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چارەنووسی سامان نەسیم زیندانیی سیاسیی کورد کە چەند مانگە لە ناڕوونی دایە بەپێی وتەی خالدی پارێزەری سامان نەسیم، حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانیە سیاسییە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

موختار نەسیم برای سامان نەسیم بە کەماڵ حوسێنی، چالاکی مافی مرۆڤی کوردی راگەیاندووە: خالدی بە بنەماڵەی سامان نەسیمی وتووە کە حوکمی لەسێدارەدانی کوڕەکەیان هەڵوەشاوەتەوە و ئەوان دەتوانن رۆژی شەممە رێکەوتی ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەگەڵ سامان نەسیم چاوپێکەوتنیان هەبێت.

برای ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە رایگەیاندووە کە لە چۆنیەتی مەلاقات لەگەڵ سامان نەسیم و شوێنی راگرتنی هیچ زانیارییەکیان لەبەردەستدا نییە.

موختار نەسیم وتوویەتی: لە کۆتایی رێبەندانی ساڵی رابردوودا کە سامانیان لەگەڵ هاوبەندییەکانی لە زیندانی ئورمیە جیا کردووەتەوە ئێمە هیچ هەواڵێکمان لەسەر نەبووە و بەدواداچوونی بەردەوامی ئێمە بێ ئاکام ماوەتەوە، بەڵام ماوەی ١٠ رۆژ پێش ئێستا لەرێگەی پاریزەری نوێی سامانەوە ئاگادار کراینەوە کە حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراو لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشاوەتەوە و توانیویەتی سامان ببینێت.

برای ئەو زیندانییە سیاسییە لە پێوەندیی لەگەڵ وتەی پاریزەری پێشووی سامان نەسیم عەزیز موژدەهی رایگەیاندووە: پاریزەری پێشووی براکەم کە لە رۆژانی رابردوودا سەردانی ناوەندە قەزاییەکانی رێژیمی لە ئورمیە کردبوو و چاوی بە دوایین دۆخی پەروەندەی سامان نەسیم کەتبوو بۆی دەرکەوتبوو کە بەرگەی گواستنەوەی سامان نەسیم بۆ پزیشکی دادوەریی لەسەر دۆسییەکەیەتی یاسایی و بڕیار بوو لە ماوەی رۆژانی داهاتوودا سامان نەسیم بۆ حوکمی حجری پزیشکی دادوەریی بگوازرێتەوە.

پێشتریش زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییە و هەواڵدەرییە مافە مرۆڤییەکان بە بێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەک، هەواڵی لەسێدارەدانی سامان نەسیم و چەند زیندانیی سیاسیی دیکەی کوردییان بڵاو کردبوویەوە.

سامان نەسیم لە دایکبووی ساڵی ١٣٧٣ و خەڵکی شاری مەریوانە.

ناوبراو لە پووشپەڕی ١٣٩٠ و لەکاتێکدا کە ١٧ ساڵ تەمەنی بوو لە سنووری سەردەشت دەستگیر کرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە گرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ئورمیەدا بوو و پاش لێدان و ئەشکەنجەیەکی زۆر بۆ زیندانی مەهاباد راگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لەئەنجامدا بە تۆمەتی موحاربە لە رێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئێران لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا و ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوی ئورمیە و لقی ٣٢ی دیوانی بەرزی وڵات، وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

سامان نەسیم لە زیندانیانی زیندانی ئورمیە بوو کە لەگەڵ ٢٩ زیندانیی سیاسیی دیکە، لە رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە جیاکردنەوەی بەندی زیندانییانی سیاسی، دەستیان دایە مانگرتن و ئەو مانگرتنە پاش ٣٣ رۆژ کۆتایی پێهات.

بەرپرسانی زیندان لە کاتی مانگرتن لە خواردن و پاش کۆتایی مانگرتنەکە، زۆر جار هەڕەشەی گواستنەوە بۆ شوێنی نادیار و جێبەجێ کردنی حوکمی لەسێدارەدانیان لە زیندانیان کردبوو.

سامان نەسیم، رێکەوتی ٣٠ رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، وێڕای ٥ زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بە ناوەکانی یوونس ئاقایان، حەبیبوڵڵا ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، سیروان نژاوی و ئیبراهیم عیساپوور، لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ئورمیە راگوێزران و دواتر هەواڵی لەسێدارەدانی عەلی و حەبیبوڵڵا ئەفشاری بڵاو کرایەوە بەڵام هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی زیندانییانی سیاسی دیکە بڵاو نەبووەوە.