کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

UNPO بە فەرمی پشتیوانی لەخەباتی نەتەوەی کورد لەکورستانی ئێران کرد

16:01 - 14 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: لەدووهه‌مین رۆژی كۆنگره‌یUNPOدا، ئەو رێکخراوەیە لە دووتۆیی بڕیارنامەیەکدا پشتیوانی خۆی لەخەباتی رەوای نەتەوەی کورد لەکوردستانی ئێران دەربڕیوە و هاوکاتیش رێژیمی ئێرانی سەبارەت بە گرتن و لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی مەحکووم کردووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەدووهەمین رۆژی کاریی ١٢یەمین کۆنگرەی رێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان کە تێیدا هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی لوقمان ئەحمەدی، بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکرات بەشدار بوو، بڕیارنامەیەک بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرەکە کە تایبەت بە دۆخی کوردستانی ئێران بوو پەسند کراوە.

لەدووهەمین رۆژی کاری ئەو کۆنگرەیەدا به‌شێكی زۆر لەکات و پانێلەکان تەرخان کرابوو بۆ پرسی نەتەوەکانی ئێران و تێیدا چەندین پێشنیار و راسپاردە هاتنە بەر باس و تاوتوێ کران.

9663.jpg
له‌م پێوه‌ندییه‌دا نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران گه‌ڵاڵه‌یەکی پێشنیارییان لەسەر کوردستانی ئێران ئاماده كردبوو‌ کە ‌له‌لایه‌ن د. عه‌لی عه‌بدیلزاده‌، نوێنه‌ری حیزبی دێموكرات له‌ UNPO، پێشكەش به ئامادەبووانی‌ كۆنگره‌ كرا.

ئەو گەڵاڵەیە دواتر بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە وەکوو بڕیارنامەیەک پەسند کرا و وەکوو دەق لە کۆنگرەشدا خوێندرایەوە.

دەقی بڕیارنامەکە کە لەسەر دۆخی کوردستانی ئێران پەسند کراوە بەم چەشنەیە:

بڕیارنامە لەسەر کوردستانی ئێران

لەم چەند ساڵەدا هەلومەرجی سیاسی، پێشێلکاری مافی مرۆڤ و ئاسایش لە ئێران زۆر نالەبار بووە، بە تایبەتی بۆ ئەو نەتەوانە کە بندەستن وەک نموونە لەم پێوەندییەدا زیادبوونی ئێعدامەکان و ئەو چەوساندنەوە و ستەمە کە بەرەوڕووی نەتەوە بندەستەکان دەبێتەوە.

بەپێی راپۆرتی چەندین رێکخراوی جیاوازی مافی مرۆڤ لانیکەم ٧٥٠ کەس لەساڵی ٢٠١٤ ئێعدام کراون، کە بە پێی بەراورد کردن لەگەڵ ساڵی ٢٠١٣ی زاینیدا، لەسەدا ١٠ زیادی کردووە. لە مانگی ژانویەی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٤٠ کەس ئێعدام کراون.
بە پێی ئاماری نافەرمی رێژەی ئێعدامەکان لەو رێژەیە (کە لە سەرەوە باس کرا) زیاترە.
لەم پێوەندییەدا بەشێکی بەرچاو لەو کەسانە کە ئێعدام کراون کوردن. ئێعدام کردنی زیندانیی سیاسیی کورد مەنسوور ئاروەند لە رێکەوتی ٢٤ی جوزەردان ساڵی ١٣٩٤ی زایینی لە زیندانی ناوەندی میاندواو یەکێک لەدوایین نموونەکانی سیاسەتە دڕندانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

پرسێکی دیکە کە سرنجی نێونەتەوەیی بۆ لای خۆی راکێشاوە مەرگی کچێکی کورد بە ناوی فەریناز خوسرەوانی لە رێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی بوو، فەریناز خوسرەوانی، کارمەندی هۆتێل تارا، خۆی لە نهۆمی چوارەمی هۆتێل تارا فڕێ دابووە خوارەوە بۆ ئەوەی لەژێر دەستی کاربەدەستێکی ئێران، کە هەوڵی دابوو دەستدرێژی بکاتە سەری، ئازادی بێت.

هەروەها، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، رێژیمی ئێران هێزێکی نیزامی زۆری لە کوردستانی ئێران و ناوچە سنوورییەکان کۆکردوەتەوە و سیاسەتی میلیتاریزەکردنی کوردستان و هەرێمی نەتەوە بن‌دەستەکانی دیکە زیادی کردووە، هەروەها جگە لە بەردەوام بوونی میلیتاریزەکردن، چەوساندنەوە و ستەم لە کوردستان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، پێشێلکاری مافی مرۆڤ، ئەشکەنجە و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان زیادی کردووە.

میلیتاریزەکردنی کوردستان، ئێعدام و چەوساندنەوەی خەڵک ستراتیژی بنەڕەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە بۆ بێدەنگ کردنی گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە خەباتە رەواکەیان بۆ وەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین، ئازادی، دێموکراسی و یەکسانی لەبواری زمان، فەرهەنگ و مافی سیاسی.

هەر بۆیە، ئێمە کۆنگرەی UNPO:

ـ پشتیوانی بەردەوامی خۆمان بۆ خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران دەردەبڕین بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس، دێموکراسی، ئازادی و مافی نەتەوایەتی.

ـ بە توندترین شێوە رێژیمی ئێران مەحکووم دەکەین بۆ ئێعدام کردنی زیندانییە سیاسییەکانی کورد و چالاکانی مافی مرۆڤ، رۆژنامەوانان و زیندانیانی دیکە.

ـ داوا لە رێژیمی ئێران دەکەین کە هەر ئێستا هەموو ئێعدامەکان رابگرێ و پابەند بێت بە یاسا نێونەتەوەیەکان لە پێوەندی لەگەڵ هەڵسووکەوت کردن لەگەڵ زیندانیانی سیاسی.

ـ نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لەسەر پێشێلکاری مافی مرۆڤی نەتەوە بندەستەکان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە.

ـ داوا لە رێژیمی ئێران دەکەین کە میلیتاریزەکردنی کوردستان و هەرێمەکانی دیکەی نەتەوە بندەستەکان رابگرێ و ناوچە سنوورییەکانی نێوان کوردستانی ئێران و عێراق بۆمباران نەکات.

ـ نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لەسەر هەلومەرجی زیندانیانی سیاسی کورد، کە بە شێوەی نادادپەروەرانە و لەدەرەوەی چوارچێوەی یاساییەکان مەحکووم دەکرێن بە ئێعدام و زیندانی درێژماوە، هەروەها نیگەرانی خۆمان لە دەستبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی، نووسەران، رۆژنامەوانان، چالاکانی کرێکاری و مافی مرۆڤ دەردەبڕین.