کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەوڵاتی ئوتریش خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ بەڕێوەچوو

17:34 - 14 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: بە مەبەستی پشتگیری لە کۆبانێ و مەحکووم کردنی هێرش بۆ سەر ئەو شارە خۆپیشاندانێک بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاوی کوردەکان لە شاری ڤییەن لەوڵاتی ئوتریش بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، خۆپیشاندانێک لەلایەن کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش بۆ مەحکووم کردنی هێرشی جینایەتکارانەی گرووپی داعش بۆ سەر شاری کۆبانێ و کوشتاری خەڵکی بێتاوانی ئەو شارە، لەشاری ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئوتریش وەرێ خرا.

خۆپیشاندەران سەرەتا لە بەردەم ئۆپێڕای شاری ڤییەن کۆبوونەوە و
پاشان بە دانی درۆشمی دژی جینایەتەکانی گرووپی داعش و دژی دیکتاتۆرییەتی بەشار ئەسەد و بەرزڕاگرتنی ئاڵای کوردستان بەرەو وەزارەتی دەرەوەی ئوتریش لە ناوەندی شار وەڕێ کەوتن.

لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی ئوتریش چەند وتارێک لەلایەن بەشداربووانەوە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم جینایەتانەدا خوێندرایەوە.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بۆ پشتیوانی لە کوردانی کوردستانی رۆژئاوا و بۆ مەحکووم کردنی کردەوەکانی گرووپی داعش بەشدارییان کردبوو.

لە بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانەکەدا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئوتریش خوێندرایەوە.

لەو پەیامەدا باس لەجینایەتی داعش و کردەوەکانی و دەربڕێنی هەستی هاوپێوەندی لەگەڵ کوردانی سووریە کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە نامەیەکیش بە زمانی ئاڵمانی لەلایەن کوردەکانەوە ئامادە کرابوو کە رەوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئوتریش کرا.