کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی کرێکاری کورد حوکمی ٣ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

18:28 - 14 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: فەرزاد مورادی‌نیا چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن دادگای ئەو شارەوە سزای ٣ ساڵ زیندانیی بە سەردا سەپاوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە لە دادنامەیەکدا، حوکمی فەرزاد مورادی‌نیا چالاکی کرێکاری لە دوو ساڵەوە بۆ سێ ساڵ زیاد کرد.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە فەرزاد مورادی‌نیا ١١ رۆژ پێشتر سەبارەت بە حوکمی دادگای ئینقلابی سنە کە بە دوو سال زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو ناڕەزایەتی دەربڕیبوو و پاشان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە ئەو حوکمە بۆ ٣ ساڵ زیاد کرا.

کۆمیتەی هاوکاری بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان بڵاوی کردووەتەوە، \'\'فەرزاد مورادی‌نیا\'\' لەلایەن لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی ئینقلابی شاری سنەوە، سزای ٣ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا و حوکمەکەش لەرێگەی ئێدارەی پۆستەوە بۆ ماڵی ئەو چالاکە کرێکارییە نێردراوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە کۆمیتەی هاوکاری بۆ پێکهێنانی دامەرزاوە کرێکارییەکان و پڕۆپاگەندە بە دژی نیزام ئەو حوکمەی بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵی رەت کردووەتەوە و ئەمەش لە حاڵیکدایە کە دادوەریی دۆسیەکەی ریگەی نەداوە کە ئەو چالاکە کریکارییە بەرگریی لە خۆی بکات.

پێشتریش، فەرزاد مورادی‌نیا، رێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لەناو ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر و دەستیان بەسەر هێندی کەل و پەلی شەخسی ناوبراویشدا گرتبوو و رەوانەی ئێدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ئەو چالاکە کرێکارییە دوای ٢٥ رۆژ دەستبەسەریی لەگرتنگەکانی ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، لەرێکەوتی ١١ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە دانانی بارمتەی ٧٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

دەوترێت کە ئەم هاووڵاتییە کوردە تووسی نەخۆشی هەناو بووە و لە بارودۆخێکی نالەبار دایە.