کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسوید سیمینارێکی سیاسی بۆ \" رۆستەم جەهانگیری\" ساز کرا

22:56 - 15 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوڵاتی سوید سیمینارێکی سیاسی بۆ رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات پێکهێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، سیمینارێکی سیاسی لەستۆکهۆڵم بە بەشداری نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییە کوردستانییەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکرات و کوردانی دانیشتووی سوید بۆ رۆستەم جەهانگیری وەرێ خرا.
سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی ڤییەن دەستی پێکرد.

لەو سیمینارەدا ئەنوەر کاکایی بەرپرسی کۆمیتەی گشتی حیزب لەوڵاتی سوید چەند وتەیەکی کورتی پیشکەش کرد و پاشان لەسەر یادی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی دکتور قاسملوو بۆ بەشداران دوا.

دواتر رۆستەم جەهانگیری دەستی بە پێشکەش کردنی سیمینارەکە کرد و لەوتەکانیدا ئاوڕێکی لە تیرۆرکرانی شەهیدانی ڤییەن (د. قاسملوو سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی) دایەوە.

جەهانگیری لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویەتی: هەرچەندە کە حیزبی دێموکرات لەنیەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران بەردەوام نیگەران بووە، بەڵام بەپێی ئەو باوەڕەی کە بە پرسی ئاشتی هەیبوو لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی حیزبەوە بڕیار بۆ رێکخرانی ئەو وتووێژە درا کە بەداخەوە ئەنجامەکەی تیرۆرکرانی د. قاسملوو و هاوڕێیانی لێکەوتەوە.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات لەقسەکانیدا رەخنەی توندی لەلێپرسراوانی ئەو کاتی دەوڵەتی ئوتریش و دەزگا قەزاییەکانی ئەو وڵاتە گرتووە و وتوویەتی: ئورووپا بە گشتی و دەوڵەتی ئوتریش بەتایبەتی لەو بارەیەوە دەبێ داوای لێبوردن لە گەلی کورد و حیزبی دێموکرات بکات.

ناوبراو لەدرێژەی باسەکیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە رێژیمی ئێران نەک هەر هیچ چەشنە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی تێیدا پێک نەهاتووە و بەدی ناکرێ، بەڵکوو مەترسییەکانیشی بۆ سەرکوتی گەلانی ئێران و ئازادیخوازانی ئێرانی لە پەرەسەندن دایە و لەئاستی ناوچەییشدا دەستێوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە قەیرانێکی خوڵقاندووە کە لەچەندین گۆشەوە ناسەقامگیری و توندوتیژی بەدوای خۆیدا هێناوە و زیانی زۆری مرۆیی و ئابووریشی بەدواوە بووە.

جەهانگیری باسی لەوەش کردووە کە ئامریکا و رۆژئاواییەکان سەبارەت بە پرسی مافی مرۆڤ، ئازادی نەتەوەکان، ئازادی سیاسی و رێکخراوەیی، بارودۆخی نالەباری زیندانەکان و زیندانیان و سەرکووتی خەڵک و زۆر زوڵم و ناعەداڵەتی دیکەی ناو کۆمەڵگای ئێران چاوپۆشی دەکەن و پێی وابوو هەوڵی ئەوان تەنیا بۆ پرسی ئەتۆمییە.

جەهانگیری لەتەوەرێکی دیکەدا ٧٠هەمین ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی هێنایە بەر باس و لەگەڵ پیرۆزکردنی ئەو یادە بە بایەخە لە مێژووی پڕ لەسەروەری حیزبی ڕوانیی و ئاماژەی بەو دەسکەوت و پرەنسیپە نەتەوەییانەدا کە لە مێژوودا بۆ حیزبی دێموکرات تۆمار کراون.

ناوبراو، سیاسەتی دەست تێوەردان و بڕیاردان لە جیاتی لایەنەکانی تری بە کارێکی نەشیاو و ناواقیعی زانی و وتیشی لەو بارەیەوە کەمترین گلەیی هاتووەتە سەر حیزبی دێموکرات و باسی لەوەش کرد کە لە هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەش دەستێوەردانی کاروباری هیچ لایەنێکی نەکردووە و لە پێناو خۆگرتن و پاراستنی ئەزموونەکانی هەرێمیشدا ئامادە بوون خەباتی چەکداری حیزبەکەیان ڕاگرن و بنکەکانیان لە سنوورەکانەوە بۆ قوڵایی خاکی ئەو هەرێمە بگوازنەوە.

جەهانگیری ئەو جووڵە نیزامیەی پێشمەرگەکانی بۆ سنووری کێلەشین بە رێکخستنەوەی پێوەندییەکان و نزیک بوونەوەی لە خاکی کوردستانی رۆژهەڵات زانیوە و چالاکبوونەوەی حیزبی دێموکراتیشی لە رووی چەکداری و سەربازییەوە بە پشتیوانییەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەقەڵەمداوە.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات باسێکیشی لە رووداوەکەی کێلەشین کردووە و وێڕای بەداخبوونیان لە رووداوەکە و شەهید بوونی پێشمەرگەیەکی حیزب، هیوای خواست کە دانیشتن و گفتوگۆکان بگەنە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و پۆزەتیڤ.

تەوەرێکی دیکەی قسەکانی جەهانگیری تەرخان کرابوو بۆ باسێک لەسەر باروودۆخی نێوخۆیی حیزبی دێموکرات و مەسەلەی دانیشتنەکان لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو و لەو بارەیەشەوە باسی ئەو هەنگاوانەی بە کردەوەی رێبەری حیزبی دێموکرات بۆ مەسەلەی لێک نزیک بوونەوە و تەنانەت یەکگرتنەوەش لەدوای کۆنگرەی پازدەیەمەوە کردووە.

رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی کۆمیسیۆمی سیاسی ـ نیزامی ئاماژەی بە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردیش کردووە و باوەڕی وابووە کە دەبێ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد نێوماڵی خۆیان لە هەموو پارچەکانی کوردستان یەک بخەن تا بتوانن بە هاوبەشی لە بەرەیەکدا پێکەوە کار بکەن.