کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لەسوید لەگەڵ پارتی سوسیالیستی کوردستان دیداری کرد

16:31 - 16 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی رۆستەم جەهانگیری لەگەڵ هەیئەتێکی پارتی سوسیالیستی کوردستان PSK لە ستۆکهۆڵم لە وڵاتی سوید چاوپێکەوتنیان ئەنجام دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید بە سەرپەرستی رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی و نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی پارتی سوسیالیستی کوردستان ـ باکوور PSK کرد.

هەر لەو سەردانەدا شاندەکە چاوی بە کۆڤان ئامێدی بەرپرسی رێکخراوی کۆمکار و ساڵح دەمیر نوێنەری پارتی سوسیالیستی کوردستان PSK لە ستۆکهۆڵم کەوت.

لەو کۆبوونەوەیەدا، رۆستەم جەهانگیری باسێکی لەسەر هێرشی ناڕەوای پارتی کرێکارانی کوردستانPKK بۆ سەر هێزێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حیزب و پەکەکە و لەدەست‌دانی رۆڵەیەکی بەوەفا و تێکۆشەری حیزب و گەل شەهید قادر کەریمی کرد.

ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا وتی هەر چەند کە لە پێشدا حیزبی دێموکرات هەوڵی زۆری‌دا کە ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە روو نەدەن و چەکی سەرشانی رۆڵەکانی کورد روو لە یەک نەکەن بەڵام بەداخەوە ئەوە هەر روویدا، ئێستاش بە خۆشییەوە دانیشتنەکانی نێوان هەر دوولا بەردەوامن و هیوادارم بەرەو ئاکارێکی باش و دڵخۆشکەر بڕوات.

جەهانگیری لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایانەی تورکییە کرد و سەرکەوتنی گەلی کوردی لەو هەڵبژاردنە بەرز نرخاند.

ناوبراو هەر لە درێژەی ئەو باسەدا تیشکی خستە سەر کارکردن و شێوەی کارکردنی ئێستای نوێنەرانی کورد لە ناوەندە دەوڵەتییەکانی تورکییە و قۆستنەوەی ئەو هەلە بە قازانجی بزاڤی کوردی لەو بەشەی کوردستاندا.