کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتی خوێندکاران سیمینارێکی لەژێر ناوی \"قاسملوو کورد ناسێنەرە جیهانییەکە\" ساز کرد

23:40 - 20 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٢٦مین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سمینارێکی بە ئامادەبوونی ئەندامانی رێبەریی حیزبی دێموکرات و ئەندامانی یەکیەتی خوێندکاران بەڕێوە برد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، سمینارێک بەبۆنەی ٢٦مین ساڵـڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو بۆ \'\'شەریف هەژاری\'\' مامۆستای مێژوو لەزانکۆی سلێمانی، لەشاری کۆیە پێکهات.

ئەو سمینارە بە راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد و دواتر مامۆستا شەریف هەژاری باسێکی لەبارەی \'\' رۆڵی دکتور قاسملوو لە ناساندنی کورد بە جیهان پێشکەش کرد.

مامۆستا شەریف هەژاری باسی لەوە کرد، ئەگەر هەموو کوردە ئەکادیمیستەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کۆبکەینەوە نەیانتوانیوە بە قەدەر دکتور قاسملوو کورد بە جیهان بناسێنن و کوردناسی بەو مانایە کە لایەنێک یان تاکێک بتوانێ شارستانیەتی کورد بناسێنێت و دکتور قاسملوو کەسێک بوو کە بۆ ناساندنی کورد لەهەر دەرفەتێک کەڵکی وەردەگرت.

شەریف هەژاری ئەوەشی خستەڕوو، گرینگترین بەشی ژیانی قاسملوو ئەوەیە کە لەزانکۆکاندا هەوڵی بە جیهان ناساندنی کوردی داوە و بە وەرگێڕان کردنی دەیان بابەت بۆ سەر زمانەکانی چێکی، ئیسلواکی و تەنانەت رووسی ئەو ئەرکەی بەڕێوە بردووە.

مامۆستا شەریف ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لەدەسکەوتە گرینگەکانی د. قاسملوو لە هەوڵەکانیدا ئەوە بوو کە توانی لە ناوەندە ئەکادیمیکەکان ئەو فیکرە جێگیر بکات کە کوردناسی جیایە لە ئێران ناسی.

ئەو مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی وتیشی: د. قاسملوو بنیاتنەر و بناغەدانەری کۆشکی دیپلۆماسی کورد و فەرانسە بوو و توانی نوخبەکانی فەرانسە وەکوو د. فریدریک تێسۆ، د. گرانژۆن و د. کوشنێر بۆ لای کورد رابکێشێت و توانی شوناسێکی راستەقینە لەکوردەکان لای ئورووپاییەکان دروست بکات.

دوابەدوای کۆتایی هاتنی وتەکانی مامۆستا شەریف هەژاری یەکیەتیی خوێندکاران بەپێی نەریتی ساڵانەی خۆی، لەوحی رێزلێنانی \'\'قاسملوو\'\'ی کە هەموو ساڵێک لەلایەن ئەو یەکیەتییەوە دەدرێ، پێشکەش بە رێبوارانی راستەقینەی د. قاسملوو کرد.

بنەماڵەی شەهید قادر کەریمی، خالید مەحموودی، یوسف کەنعانی، مەلا ئەحمەد رەحیمی و عەلی کەسنەزانی ناوی ئەو کەسانەیە کە لەوحی رێزلێنانی قاسملوویان لەلایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکرات و بە دەستی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتەوە پێشکەش کرا.

پاشان ئەندامانی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوەکانی حیسام ئەحمەدی، رێبوار کشوەردووست، شادمان مینبەری و ئەژین شێخی کە ئەمساڵ قۆناغی خوێندنی زانکۆیان تەواو کردبوو، لەوحی رێزلێنانی \'\'قاسملوو\'\'یان پێشکەش کرا.

لەوحی رێزلینانی ئەو خوێندکارانە لەلایەن کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتەوە پێیان بەخشرا.

هەر لەو پێوەندییەدا بە مەبەستی ئەمەگناسی بەرامبەر بە مامۆستا شەریف هەژاری بۆ توێژینەوەکانی لەسەر رۆڵی د. قاسملوو. چەندین کتێب لە بەرهەمەکانی د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی کەلەلایەن یەکیەتی خوێندکارانەوە وەرگێڕدرابوونە سەر زمانی فارسی، لەلایەن میرۆ عەلیار ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتەوە پێشکەشی کرا.