کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرچاوە ئاوییەکانی تاقەوسانی کرماشان لەناکاو ویشک بوون

22:18 - 21 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: سەرچاوە ئاوییەکانی تاقەوسانی کرماشان کە بە یەکێک لەجوانترین شوێنە سروشتییەکانی کوردستان ناسراوە، لە ناکاو و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئاویان لێ بڕاوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ لەمەوبەر سەرچاوە ئاویی و کانیاوەکانی تاقەوسان کە یەکێک شوێنەگەشتیاریی و مێژووییەکانی کوردستانە و سیما و دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی بە کرماشان بەخشیوە، لە ناکاو و بە جۆرێک کە خەڵکی تووشی سەرسامی کردووە ویشک بوون.

جێگری ئێدارەی میراتی فەرهەنگی پارێزگای کرماشان رایگەیاندووە: ئەگەری زۆری هەیە کە لێدانی لەڕادەبەدەری چاڵاوە ئاوییەکان لە نزیکی ئەو کانیاوانە ببێتە هۆی ویشکبوونیان.

هەر لەم پەیوەندییەدا، محەممەد حوسێن ئیزەدی، بەرپرسی گشتیی ئیدارەی ئاوی پارێزگای کرماشان سەرەڕای ئەوەیکە جەختی لەسەر ویشک بوونی سەرچاوە ئاوییەکانی تاقەوسانی کرماشان کردووەتەوە، راشیگەیاندووە، ویشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکانی تاقەوسان بۆ هۆکاری سرووشتی وەک کەمی باران بارین دەگەڕێتەوە.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە تاقەوسان سەرەڕای ئەوەی بەشوێنێکی مێژوویی دێتە ئەژمار و پێشتریش چەند هەواڵ و راپۆرت لەسەر ئەوە بڵاو کرایەوە کە هیچ بایەخێک بەو شوێنە نادرێت، هەر بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کەمترخەمی ناوەندە پێوەندیدارەکان وەکوو یەکێک لە هۆکارەکانی ویشکبوونی ئەو کانیاوانە بێتە ئەژمار.

ئەو سەرچاوە ئاوییە لە داوێنی کێوی تاقەوسان و لە نزیکی ئاسەواری مێژویی تاقەوسانی کرماشان و لەباکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە کە میژوویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانیەکان.

کارناسان لەو بڕوایەدان دروستکردنی بەنداوی ناستاندارد و لەرادەبەدەر، لێدانی بیری ئاو لەلایەن کەسانی هەلپەرەست لەو هۆکارانەن کە کوردستانی لەگەڵ کێشەی کەم‌ئاوی و بێ‌ئاوی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسانی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دانیان بە بوونی ئەو قەیرانەدا ناوە، بەڵام هیچ هەوڵێکیان بە شێوەی کردەوە لە پێناو لابردنی ئەو کێشانە نەداوە.