کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ٢٢ی پووشپەڕ لەبنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات

00:32 - 23 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٢٦ـەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، رێوڕەسمێک بە بەشداریی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامانی رێبەرایەتی، پێشمەرگە، بنەماڵە و میوانانی هێژا، لەبنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ یادکردنەوە لە دکتور قاسمللو و هاوڕێیانی ساز کرا وسەرەتا رێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی کارەساتی ڤییەن و شەهیدکرانی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

شەرەفی لەقسەکانیدا باسی لەکەسایەتی و هەوڵەکانی دکتور قاسملوو لە کۆمەڵگەی جیهانیدا کرد و لەو باوەڕەشدا بوو کە زانایی و کاریزما بوونی کاک دکتور وای لێکردبوو کە وڵاتانی داگیرکەر لێی بترسن.

حەسەن شەرەفی وتیشی، دکتور قاسملوو کاتێک لە چێک بوو حکوومەتی ئەو کاتی ئەو وڵاتە بەهۆی بوونی بیری ئازادیخوازی دکتور و هەوڵەکانی بەدژی داگیرکەران فشارییان بۆ هێناو و لەو وڵاتە دەریان کرد.

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەقسەکانیدا باسی لەحەرەکەتی ئەم دوایانەی پیشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ناوچە سنوورییەکان کرد و ئەو کارەی بە بایەخەوە هەڵسەنگاند.

دواتر، کوڕی مووزیکی حیزب سروودێکی شۆڕشگێڕی پیشکەش بە بەشداربووان کرد.

لەبڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا لەوحی رێزلێنانی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکرات لەلایەن میرۆ عەلیار ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبەوە پێشکەش بە هونەرمەند شۆڕش ئاهی سەبارەت بە دروست کردن و داتاشینی پەیکەری شەهید قاسملوو، کرا.

هەر لەو بڕگەیەدا لەلایەن بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکەوە داوا لەدوو منداڵی شەهید بە ناوەکانی شلێر رەزایی کچی شەهید هەژار رەزایی و ئەمین کەریمی کوڕی شەهید قادر کەریمی کرا کە پەردە لەسەر پەیکەری د.قاسملوو لابدەن.

لەناو ئاخنی رێوڕەسمەکەدا پەیامی پارتی سوسیالیستی کوردستان بە دەست بە بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکە گەیشتبوو و لەلایەن ئەو بەڕێوەبەرانەوە سوپاسیان کرا.
بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکە بریتی بوو لە: پێشکەش کردنی پەیامی رێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لەلایەن فواد خاکی بەیگی سکرتێری یەکیەتی لاوانەوە، خوێندراویەوە.
لەبڕگەکانی دیکەی رێوڕەسمەکەدا چەند پارچە شێعر و پەخشانێک لەلایەن موراد ئیکینجی لەکوردستانی باکوور و جەماڵ فەتحییەوە پێشکەش بە ئامادە بوان کراوە.

رێوڕەسمەکە بە سروودێک لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبەوە کۆتایی پێهات.

ئەلبومی وێنە:



ڤیدیۆ