کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار ژن لەبۆکان بوونە قوربانی پژاندنی تێزاب

15:41 - 25 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: ژنێک و ٣ کچی کورد لەشاری بۆکان کەوتنە بەر هێرشی پژاندنی تێزاب و بەو هۆیەوە بە توندی بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی سێشەممە رێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەبلواری کوردستان لەبۆکان، ژنێک و ٣ کچی کورد لەلایەن کەس یان کەسانی نەناسراوەوە تێزابیان پێداکراوە و بە توندی بریندار بوون.

شوناسی یەکێک لەو کەسانە کە تیزابی پێدا کراوە، سوێسنه ئیسماعیل نژاد تەمەن ٢٤ ساڵ و خوێندکاریی ئەندازیاری عومران راگەیاندراوە.

9747.jpg
سوێسنه ئیسماعیل نژاد

سوێسنه یەکێک لەچالاکانی فەرهەنگی و لە بەڕێوەبەرانی کتێبخانەی مانگ لەشاری بۆکانیشە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سوێسنە لەلایەن کەسانێک کە ماشێنێکی جۆری پرایدیان پێ بووە تێزابی پێدا کراوە، هەروەها یەکێکی دیکە لەو کەسانەی تێزابی پێداکراوە هاوسەری شۆڕش فەیزی نژاد کوڕی هونەرمەند رەشید فەیزی نژاد بووە.

لەو رووداوەدا دوو کچی دیکە کە کچی مەحموود مەعروفی بوون، لە سێ ڕێیای سەنگینی شاری بۆکان کەوتوونەتە بەر هێرشی تێزاب پژاندنەوە.

سوێسنە خوشکی عەلی ئیسمائیعل‌نژاد یەکێک لە چالاکانی سیاسی دەرەوەی ئێرانە کە چەندین جار لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بە هۆی چالاکی براکەیەوە کەوتووەتە بەر گوشار و هەڕەشەوە و گومانی ئەوەش دەکرێ ئەو تێزاب پژاندنە لەلایەن هێزەکانی سەر امر بە معروف و نهی از منکرـەوە ئەنجام درابێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، لەمانگی رەزبەری ساڵی پێشوودا و پاش راگەیاندنی گەڵالەی پەرەپیدان بە امر بە معروف و نهی از منکر رەوتی تێزاب پژاندن بە سەروچاوی کچان و ژنان لەئیسفەهانیش پەرەی سەند.

پێشتریش یەکێک لەئەندامانی کۆمیسیۆنی حقوقی و قەزایی مەجلیسی رێژیمی ئێران، باسی لەوە کردبوو کە مەسەلەی تێزاب پژاندنەکان لەلایەن میدیاکانەوە زۆر گەورە کراوەتەوە و بە بێ بایەخ لێی روانیبوو.