کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیوەست بوونی پۆلێکی دیکەی پێشمەرگە بە ریزەکانی حیزبی دێمۆکرات / کۆتایی دەورەی ٢١٥

22:03 - 25 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی کۆتایی هاتنی دەورەی ٢١٥‌ی سەرەتایی پێشمەرگە لەلایەن فێرگەی سیاسی ـ نیزامی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەمە رێکەوتی ٢٥‌ی پووشپەڕ رێوڕەسمی کۆتایی دەورەی ٢١٥ی سەرەتایی پێشمەرگە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب دەستی پێ کرد.

دواتر بەشدرانی دەورەکە چەندین بڕگەی جواروجۆری وەکوو: رێژە، شەڕی سەرنێزە و ئامادەیی جەستەیییان نمایش کرد و لە بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا لوقمان ئەحمەدی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکرات چەند وتەیەکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.

ئەحمەدی لەقسەکانیدا باسی لە رێککەوتنی ئەتۆمی رێژیمی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک کردووە و وتوویەتی: ئەو رێککەتنە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خەباتی ئازادیخوازان و حیزبی دێموکرات نابێ.
لوقمان ئەحمەدی دواتریش ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونەکانی دۆزی کورد لە بەشەکانی کوردستان کردووە.

دواتر راپۆرتی ئاموزشیی دەورە لەلایەن شۆڕش ئەڵڵا وەیسی یەکێک لە بەڕیوەبەرانی دەورەکەوە پێشکەش کرا و سالار قارەمانی یەکێک لە بەشدارانی دەورەکە، پەیامی دەورەی سەرەتایی ٢١٥‌ی پێشمەرگەی خوێندەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا ٦ کەس لە بەشدارانی دەورەکە لە بواری باش بوونی نێوەنجی نومرە و دیسیپلینەوە لەلایەن عەلی کەسنەزانی کادری دێرینی حیزب و خاتوو سوورەیا مستەفایی یەکێک لە بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتەوە، خەڵاتیان پێ‌بەخشرا.

لە نێوئاخنی رێوڕەسمەکەدا چەندین پارچە سروود، گۆرانی و شێعر لەلایەن غوڵام فاتحی، سیامەند حەسەن نژاد، سەعید ئیزەدی یەوە پێشکەش کران.