کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی تەقەی هێزەکانی رێژیمی ئێران گیانی لەدەست دا

22:05 - 25 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: بە کوژرانی کۆڵبەرێکی دیکەی کورد، ئاماری قوربانیانی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان لەکۆڵبەران، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا گەیشتە ٢٣ کەس.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران لەناوچە سنوورییەکانی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە، سیامەند ئەحمەدی خەڵکی پیرانشار راگەیندراوە.

سیامەند ئەحمەدی، بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی رۆژانەی ماڵ و منداڵەکانی رووی کردبوویە کاری مەترسیداری کۆڵبەری.

هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان بە هۆی نەبوونی پیشەی شیاو و بێکاری لە رووی ناچارییەوە روو دەکەنە کاری مەترسیداری کۆڵبەری و گواستنەوەی کەلوپەل بە کۆڵی خۆیان بە دوای بەدەست هێنانی بژیوی ژیانیانن.

ئەم کۆڵبەرانە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەکەونە بەر تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران و بەو هۆیەوە کوژراو و بریندار دەبن.

بە پشت بەستن بە ئاماری ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٢٣ کۆڵبەری کورد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە کۆی گشتی ئەو رێژەیە ١٢ کۆڵبەر کوژراون و ١١کەسی دیکەش بریندار کراون.