کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی رۆژی یەکەمی کاری کۆنگرەی ٨ی یەکیەتی لاوان

15:35 - 31 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: رۆژی یەکەمی کۆنگرەی ٨ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش رەوایی وەرگرتن بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، بە فەرمی دەستی بە کارەکانی کرد.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٩٤ هەتاوی، یەکەمین رۆژی کاری کۆنگرەی ٨ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاش راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات بە فەرمی دەستی پێکرد.

یەکەم دانیشتنی کۆنگرە تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوەی راپۆرتی لێژنەی هەڵبژاردنی کۆنفڕانسەکان کە لەلایەن فەرزاد وەیس مورادییەوە پێشکەش کرا.

دواتر رەوایی کۆنگرە لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکارییەوە خرایە بەر دەنگدان و بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی کۆنگرە رەوایی بۆ کۆنگرەی ٨ی یەکیەتیی لاوان و ئەنجامی هەڵبژاردنی کۆنفرانسەکان وەرگیرا.

دروشمی کۆنگرەش کە بریتی بووە لە ئەمڕۆ خەبات دەکەین بۆ ئەوەی سبەی بەئازاد بژین  دەنگی رەوایی لەسەر دراوە.

لەبڕگەی دوویەمدا فوئاد خاکی‌بەیگی بەرپرسی لیژنەی راپۆرتی سیاسی ـــ کۆمەڵایەتی، راپۆرتی پێشنیارکراوی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی بۆ کۆنگرەی ٨ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی پێشکەش کرد و پاش تاوتۆی کردنی دەنگی بۆ وەرگیرا.

لەبڕگەی سێیەمی رۆژی یەکەمی کاری کۆنگرەدا راپۆرتی کار و چالاکی نێوان دوو کۆنگرە لەلایەن سکرتێری پێشووی یەکیەتی لاوانەوە خوێندراوەتەوە و پاش راوتێبینی بەشداربوان دەنگی پێدراوە.

لەبڕگەی چوارەمدا بەرنامە و ئەساسنامەی ئەو یەکیەتییە هاتووەتە بەرباس و شی کردنەوە کە کارەکانی بە هۆ کۆتایی جەلەسەکە بە نیوەچلی ماوەتەوە و خراوەتە رۆژی دووهەمی کۆنگرە.