کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەد شەهید خوازیارە سەبارەت بە پرسی مافی مرۆڤ گوشار بخرێتە سەر رێژیمی ئێران

17:19 - 31 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کەپاش رێککەوتنەکە هەوڵەکانیان لەپیوەندی مافی مرۆڤی ئێراندا چڕ بکەنەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەحمەد شەهید لە راگەینداروێکدا کە لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، داوای لە رێژیمی ئێران کردووە کە کار بکات بۆ ئەوەی نیگەرانییە مافی مرۆڤییەکان بڕەوینێتەوە.

رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویەتی: زیادبوونی ئاماری ئێعدام لە ماوەی ساڵی رابردوودا، پێشێلکارییە مافی مرڤییەکان نەبوونی ئازادیی رادەربڕین لەو نیگەرانییانەن کە ناوەندە مافی مرۆڤییەکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە.

هەڵاواردن لە ناو کەمینە مەزهەبییەکان،گوشار خستنە سەر رۆژنامەنووسان، پارێزەران و چالاکانی مافی مرۆڤ لەو جاڵانەی دیکەن کە ئەحمەد شەهید نیگەرانی خۆی پێی دەربڕیوە و داوای کردووە کە وڵاتانی ئورووپایی لەسەر باشتر کردنی ئەو بوارانە لەئێران پێداگر بن.

شەهید باسی لەوەش کردووە، پیویستە ئێران سیاسەتی پێکەوە هەڵکردن بگرێتە بەر و خوازیاریشە کە رێگە بدەن رێپۆرتێری مافی مرۆڤ سەردانی ئەو ولاتە بکات.

ئەحمەد شەهید لەراگەیندراوەکەیدا، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لەئێران ،دەستبەسەرکردن و چەندین پرسی دیکە دەربڕیوە.

ماوەیەک لەمەوبەر ئەرک و مەئمووریەتی شەهید بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران نوێ کراوە و رێژیمی ئێران زۆر هەوڵی دا کە ئەو نوێ کردنەوەیە سەر نەگرێت.