کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی رۆژی دووهەم و کۆتایی کاری کۆنگرەی ٨ی یەکیەتی لاوان

16:34 - 1 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: رۆژی دووهەمی کاری کۆنگرەی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هاوکات کۆتایی کۆنگرەکەش بوو، بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ و لەدووهەم رۆژی کاری کۆنگرەی ٨ لاواندا، کارەکان تەرخان کرابوو بۆ درێژەپێدان بە تاوتۆی کردن و خوێندنەوەی بەرنامە و ئەساسنامە و پاش باس و راوێژێکی زۆر، بۆ کۆنگرەی٨ پەسند کرا.

لەبڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆنگرەیەدا پێڕەوی نێوخۆیی ئەو یەکیەتییە هاتووەتە بەرباس و خاڵ بە خاڵی بە وردی باس کراوە و پاشان دەنگی بۆ وەرگیراوە.

راپۆرتی بەشی ماڵی نیوان دوو کۆنگرەی ٧ و ٨ و ئایین نامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی لاوان و ئایین نامەی دەرەوەی وڵات بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنگرە بووە کە خراوەتە بەر باس.
لە کۆتایی کاری کۆنگرەکەدا سەرجەم بڕیار و راسپاردەکانی ئەندامانی کۆنگرەی ٨ی لاوان خراوەتە دەنگدان و دەنگی بۆ وەرگیراوە.

بڕگەی کۆتایی کۆنگرەی ٨ی یەکیەتی لاوان تەرخان کرابوو بۆ هەڵبژاردنی بەڕێوەبەری گشتی یەکیەتی لاوان.

پاش ئەو هەڵبژاردنە لە یەکەمین کۆبوونەوەی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٨، جەلال روانگەرد وەکوو سکرتێری گشتی ئەو یەکیەتییە دیاری کراوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا مێهرداد خوسرەوییش وەکوو بەڕێوەبەری گشتی یەکیەتی لاوان لە دەرەوەی وڵات هەڵبژێردراوە.