کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هوشداریی میسر بە رێژیمی ئێران سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی لەکاروباری وڵاتانی ناوچە

17:29 - 1 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: وەزارەتی کاروباری دەرەوەی وڵاتی میسر لەبەیاننامەیەکدا دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێرانی لەکاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی میسر، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای لە وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە کە بەپێی ناوەڕۆکی جاڕنامەی جیهانی هەڵسووکەوت بکەن و هاوکاتیش هوشداریی بەئێران داوە.

لەبەیاننامەکەدا باس لەوەش کراوە پێویستە رێژیمی ئێران سنوورێک بۆ چالاکییەکانی دابنێت و دەست لە دەستێوەردانی کاروباری وڵاتانی عەرەبی هەڵبگرێت.

بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی میسر پاش وتەکانی خامنەیی رێبەری رێژیمی ئێران دێت کە باسی لەپشتیوانی کردنی وڵاتانی وەکوو سووریە و یەمەن کردبوو.

دوابەدوای وتەکانی خامنەیی، کاربەدەستێکی وەزارەتی کار و باری دەرەوەی وڵاتی بەحرەینیش رایگەیاندبوو، قسەکانی ئەم دواییانەی خامنەیی، دەستێوەردانێکی روونە لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی عەرەبی.

هەروەها جان کێری، وەزیری دەرەوەی ئامریکا قسەکانی خامنەیی بە مەترسیدار وەسف کردبوو.

هەر لەو پێوەندییەدا، بنیامین نەتانیاهو، نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە قسەکانی خامنەیی دەربڕیبوو و رێککەوتنی ناوکیشی بە زەرەری ناوجەکە لەقەڵەم دابوو.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە چوارچێوەی یارمەتی چەک‌وچۆڵ، ئابووری، راهێنانی نیزامی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان و هەروەها زیادکردنی باندە سیخوڕییەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەڕوونی بەر چاو دەکەوێت. 

رێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، لەلایەن زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەا وەکوو بەحرەین، یەمەن، میسر و... بە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتانە مەحکووم کراوە.

ئەو رێژیمە بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی هەنگاو هەڵدەگری و زۆربەی کارناسانی بواری سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەدان کە رێژیمی ئێران لە سەەرەکیترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی قەیرانی ئێستای ناوچەکەیە.