کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئینتزامییەکان لەناوچەی شلێر کۆڵبەرێکی کوردیان دایە بەر دەستڕێژ

17:53 - 1 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی سنوورییەکانی شلێر و شاری بانە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ گوللە و بەو هۆیەوە بریندا بووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی عەلی وەیسی لە ناوچەی سنووری شلێر، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی ئێرانەوە تەقەی لێکراوە و فیشەک بەر پشتی کەوتووە و بە توندی بریندار بووە.

دەوترێت ئەم هاووڵاتییە کوردە تەمەنی ٣٤ ساڵە و خاوەنی ٢ منداڵە و بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە و هێزە ئینتزامییەکان بە برینداریی دەستبەسەر و پاش چەند کاتژمێرێک رەوانەی ناوەندە پزشکییەکانیان کردووە.

هەروەها، هێزەکانی رێژیمی ئێران دەستیان بە سەر کەلوپەلی عەلی وەیسیدا داگرتووە.

هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان بە هۆی نەبوونی پیشەی شیاو و بێکاری لە رووی ناچارییەوە روو دەکەنە کاری مەترسیداری کۆڵبەری و بەداوی بەدەستهێنانی بژیوی ژیانیانن.

ئەو کۆڵبەرانە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەکەونە بەر تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران و بەو هۆیەوە کوژراو و بریندار دەبن.

بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمار کراوەکان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٢٤ کۆڵبەری کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە کۆی گشتی ئەو رێژەیە ١٢ کۆڵبەر کوژراون و ١٢کەسی دیکەش بریندار کراون.