کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ ملیۆن کەسی بێ‌داهات لەئێراندا هەیە

14:35 - 3 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: سەرەڕای بەڵێنی بەرپرسان و ناوەندە پێوەندییدارەکانی رێژیمی ئێران سەبارەت بە بنبڕکردنی و نەهیشتنی هەژاری و بێکاری، ئەو قەیرانە بەرۆکی زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەسی گرتووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامێکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیسی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە کە ١٢ ملیۆن کەسی هەژار لەئێران هەیە و لەکۆی ئەو رێژەیە ٦ ملیۆن کەسیان بێ داهاتن.

رەحماندوست، نوێنەری تاران لە مەجلیسی رێژیمی ئێران وێڕای ئاماژە بە ئامارە بڵاو کراوەکان، رێژەی خەڵکی هەژاریی لە ئێران ١٢ ملیۆن کەس راگەیاندووە و وتوویەتی لە سەدا ١٠ی شارنشینان و لە سەدا ١٨ی دانیشتووانی گوندەکان، لە ژێر هێڵی هەژاری دان.

پێشتریش، ناوەندی ئاماری رێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە رێژەی بێکاریی لە سێ مانگی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ هاوشێوەی دوو ساڵی رابردوو چوونە سەری بە خۆیەوە بینیوە.

بە وتەی کارناسان بەشێکی بەرچاو لە ئامار و داتاکانی فەرمیی رێژیمی ئێران دوورن لەراستی و ئامارە راستەقینەکان باس لە رێژەیەکی زۆر زیاتری بێکاریی لەوەی کە هەیە دەکەن.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی نێودەوڵەتی پەرەسەندنی مرۆیی، وڵاتی ئێران بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی جیهان پلەی ٧٥یەمی بۆ بێکاریی و هەژاری لە جیهاندا هەیە.

چوونە سەری بێکاری لە کوردستان لە حاڵێکدایە کە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی رێژیم بە بەردەوامی بەڵێنیی باشتر کردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتییانیان داوە و تەنانەت حەسەن روحانی سەرکۆماری رێژیمی ئێرانیش نەیتوانی ئەو قەیرانە کەم بکاتەوە.

بە باوەڕی کارناسان گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سەر ئێران، داخرانی زۆربەی یەکە پیشەییەکان و کۆتایی هێنان بە وەبەرهێنان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروست بوونی قەیرانی ئابووری و نەمانی هەلی کار لە ئێران دێنە ئەژمار.

ژمارەیەک کارناسی دیکەش دەڵێن: هۆکاری پەرەسەندنی هەژاریی لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ یارمەتییە ماڵییەکانی ئێران بە رێژیمی بەشار ئەسەد، میلیشیاکانی حیزبوڵڵا، حوسییەکان و ژمارەیەک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق.