کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموكرات سەبارەت بە بوردومانکردنی بنکەکانی PKK

17:15 - 4 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران راگەیەندراوێکی سەبارەت بە بۆمبارانکردنی ئەرتشی تورکیە بو سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بڵاو کردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەڵگەڕانەوەی رەوتی ئاشتی بۆ شەڕ‌و پێكدادان لە بەرژەوەندی گشتی هیچ لایەكدا نییە بێجگە لە قوربانی وەرگرتنی زیاتر‌و وێرانی پتر.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

راگەیەندراوی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ بۆمبارانەكانی ئەم دواییانەی ناوچەكانی كوردستان

لە كاتێكدا كە رێبەرایەتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆبوونەوەیەكی ئاسایی خۆیدا بوو ئاگادار کرایەوە كە کاتژمێر ١١ی دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی ٢٤/٧/٢٠١٥ی زایینی بەرانبەر بە ٢ی گەلاوێژی 1394ی هەتاوی فرۆكە بۆمب‎هاوێژەكانی ئەرتەشی توركیە هێرشیان كردە سەر بنكە ‌و گریلاكانی P.K.K لە هەر دوو دیوی سنوور لە ئامیدی ‌و قەندیل كە زیانی گیانی ‌و ماڵی لێكەوتەوە‌ و بوو بە هۆی مەترسی شكاندنی ئەو ئاگربڕەی كە لە نێوان حكوومەتی توركیە ‌و P.K.Kدا بە مەبەستی بەرەوپێش‎بردنی رەوتی ئاشتی كە دوو ساڵ لەوەپێش لە نێوان P.K.K ‌و حكوومەتی توركیە دەستی پێكردبوو.

زۆر ئاساییە كە هەر جۆرە هێرش‌ و پەلامارێك بە دوور لەوەی كە كام لایەن دەست‎پێشخەری كردووە زەبری قورس لەو رەوتە ئاشتییە دەدا كە كۆمەڵانی خەڵكی توركیە ‌و رۆڵەكانی نەتەوەی كورد لەو وڵاتە بە ئومیدی چارەسەری كێشەكانیان هیوایان پێ‌ بەستووە. گومان لەوەدا نییە كە هەڵگەڕانەوەی رەوتی ئاشتی بۆ شەڕ‌و پێكدادان لە بەرژەوەندی گشتی هیچ لایەكدا نییە بێجگە لە قوربانی وەرگرتنی زیاتر‌ و وێرانی پتر.

كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هیوادارە هەر دوولایەن بە هەست بە بەرپرسایەتی زیاتر‌و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گشتیی ‌و لە پێناو وەگەڕخستنەوەی رەوتی ئاشتیدا لە هەر حەرەكەتێكی دژ بە دیالوگ‌ و رەوتی ئاشتی خۆ ببوێرن‌ و هەر جۆرە هێرش‌ و پەلامارێك رابگرن ‌و ئەركی هەموولایەكیشە بۆ راگرتنی هەر حەرەكەتێكی دژ بە رەوتی ئاشتی یارمەتیدەر بن.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمیتەی ناوەندی
٤/٥/١٣٩٤ی هەتاوی
٢٦/٧/٢٠١٥ی زایینی