کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ بەشداری شاندێکی حیزب لەکۆنفرانسی تایبەت بە پرسی کوردستانی سووریە

16:19 - 5 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەئاڵمان بەشداریان لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە پرسی کوردستانی سووریەدا کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمان لەسەر بانگهێشتی فەرمی بەڕێوبەرانی کۆنفرانسی کوردستانی سووریە، بەشداریی ئەو کۆنفرانسە بوون.

نەقشبەندی هەر بەم بۆنەوە وتارێکی پێشکەش کردووە و لە قسەکانیدا تیشکی خستووەتە سەر دۆخی کورد و ناوچەکە و لەو پێوەندییەدا وتی: رەوشی ئێستای جیهان بەگشتی و ناوچەکە بەتایبەتی لە قازانجی گەلی کورد دایە و دەرفەتێک بۆ نەتەوەکەمان هەڵکەوتووە کە نابێ لە دەستی بدەین.

9788.jpg

بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەئاڵمان رایگەیاندووە، ئەو دەرفەتەی بۆ گەلەکەمان هاتۆتە پێشێ بێ گومان جێگای خوشحاڵی داگیرکەرانی کوردستان و بەتایبەت رێژیمی ئیسلامیی ئێران نییە، هەربۆیە ئەو رێژیمە هەموو هەوڵی خۆی بۆ ناسەقامگیری ناوچەکە و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتانە خستووەتەگەڕ.

نەقشبەندی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە دۆخی پەنابەران بە تایبەتی پەنابەرانی کورد کردووە و داوای لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە کردووە کە لەهەر رێگەیەکەوە کە بۆیان دەلوێ یارمەتیدەری پەنابەران بن.

لە پەراوێزی ئەو کۆنفرانسەدا شاندی حیزب چاوی بە نوێنەرانی چەندین لایەنی سیاسی کورد کەوتووە.