کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە نەغەدە کۆچی دوایی کرد

17:29 - 6 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: عەلی ئیسماعیل‌پوور، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەشاری نەغەدە بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، عەلی ئیسماعیل‌پوور، ناسراو بە وەستا عەلی قەرەخان بە هۆی سەکتەی مێشک لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا ماڵاوایی لەژیان کرد.

تەرمی ئەو نیشتمانپەروەرە کوردە لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک سپێردرا.

وەستا عەلی قەرەخان یەکێک لە ئەندامانی دێرینی حیزبی دێموکرات بوو و لەساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی بە تاوانی هاوکاری و پێوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستبەسەر و ١٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە و سەرجەم ئەو حوکمەی لە زیندانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردا تێپەڕ کرد.

وەستا عەلی پاش ئازادبوونیشی لە زیندان هەر لە سەر رێبازەکەی سوور بوو و پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتەوە کردبوویەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لەبنەماڵە و کەسوکاری عەلی ئیسماعیل‌پوور دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.