کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی دووپات بوونەوەی رووداوی تێزاب پژاندنەکەی بۆکان لەشاری سەقز

16:10 - 8 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: لەشاری سەقز لەپارێزگای سنە ماوەیەکە لەرێگەی کورتەنامەوە هەڕەشەی پژاندنی تێزاب لەچەندین بنەماڵەی دیاری کراو دەکرێ و بە بەردەوامی گوشارییان خستوونەتە سەر.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش رووداوەکەی پژاندنی تیزاب لەشاری بۆکان بە جەستەی چەند ژن و کچێکدا، ماوەیەکیشە بنەماڵەی چالاکانی سیاسی کورد لەسەقز کەوتوونەتە ژێر هەڕەشە و فشاری کەسانێکی تایبەت و نەناسراوە و لەرێگەی کورتەنامە و تەلەفوونەوە هەڕەشەی زۆر توندیان لێکراوە.

کەسانی ئاگادار و تەنانەت چەند بنەماڵەیەکیش وێڕای ناردنی ناوەڕۆکی کورتەنامەکان بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسیان لەوە کردووە، کە ئەو کورتەنامانە ماوەی چەند حەفتەیە بەردەوامی هەیە.

کەسانی ئاگادار ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کورتەنامەکان بۆ بەشێک لەبنەماڵەی چالاکانی سیاسی ڕەوانە کراوە بەڵام لە نێوانەدا زۆرترین کورتەنامە و هەڕەشە لەو بنەماڵانە کراوە کە کەسێکی زۆر نزیکیان لەناو ریزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دان.

لەکورتەنامەکاندا هاتووە، ئێوە بە حوکمی ئەوەی کەسێکتان لەناو حیزبی دێموکرات دایە و زدی ئینقلابن لەداهاتوویەکی نزیکدا دەکەونە بەر هێرشی تێزاب پژاندن.

رووی هەڕەشەکانیش زیاتر لەکچان و ژنانی بنەماڵەکان بووە و ئەو هەڕەشانە ترس و دەڵەڕاوکێیەکی زۆری لای بنەماڵەکان دروست کردووە و بە پارێزەوە هەڵسوکەوت دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کوردستان میدیا باسی لەوە کرد کە ئەو کارە بە دڵنیایەوە هاوچەشنی روداوەکەی شاری بۆکان دەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانی لەپشتە.

ناوی ئەو بنەماڵانەی کە هەڕەشەیان لێکراوە، هەروەها ئەو ژمارە تەلەفوونەی کە کورتەنامەکانی پێ رەوانە کراوە لای ماڵپەڕی کوردستان میدیا پارێزراوە.

ئەو هەڕەشە کردنە لەحاڵێکدایە کە ریکەوتی ٢٣ی پووشپەڕیش لەشاری بۆکان ٧ کچ و ژنی کورد لە سێ رێیانی سەنگینی بۆکان تێزابیان پێدا کرا.

یەکێک لەو کچانە خوشکی چالاکێکی سیاسی کورد بوو کە ئێستا لە دەرەوەی ئێران نیشتەجێیە.

هەر ئەوکات عەلی ئیسماعیل نژاد و چەند چالاکێکی سیاسی دیکەی کورد ئەو کارەیان بە ئەمنیەتی و چاوترسێن کردنی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی لەقەڵەم دابوو.

پاش ئەو رووداوە خۆپیشاندانێکی هێمنانە لەشاری بۆکان وەرێ خرا کە خۆپیشاندانەکە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بەرەو گرژی و ئاڵۆزی کێشرا و ٧ کەس کە یەک لەوان مامۆستای زانکۆ بوو دەستبەسەر کران.