کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکدانی نوێژخانەی سوننەکان لەتاران، دژکردەوەی مەولانا عەبدولحەمیدی بە دوای خۆیدا هێنا

17:15 - 8 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: مەولانا عەبدولحەمید کەسایەتی ئاینیی ناسراوی پەیڕەوی مەزهەبی سوننە لەزاهیدان، تێکدان و رووخاندنی نوێژخانەی پەیڕەوانی مەزهەبی سوننەی لە تاران، بە کردەوەیەکی ناحەز و لەپێناو رازی کردنی کەسانی بەرچاو تەنگ، کورت بین و توندڕەو لەقەڵەم داوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پێشنوێژی پەیڕەوانی مەزهەبی سوننە لەزاهیدان بە ناردنی نامە بۆ عەلی خامنەیی رێبەری رێژیمی ئێران و حەسەن روحانی سەرکۆماری ئەو رێژیمە، ناڕەزایەتی خۆی سەبارەت بە رووخاندنی نوێژخانەی پەیڕەوانی مەزهەبی سوننە لەگەڕەکی پوونەکی تاران دەربڕیوە.

لەبەشێکی نامەکەدا هاتووە، رووخاندنی ئەو شوێنی نوێژکردنە و بێبەری کردنی سوننەکان لە شوێنێکی تایبەت بۆ نوێژخوێندن لەتاران، بە دوور لە چاوەڕوانی کۆمەڵگای پەیڕەوانی مەزهەبی سوننە بوو.

نوێژخانەی سوننەکان لەتاران، سەر لە بەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەلایەن شارەوانی و بە پشتیوانی هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیم تێکدرا.

هەر هەمان رۆژ و بەر لە رووخاندنی ئەو شوێنە هێزە ئەمنیەتییەکان رژابوونە ماڵی مەولەوی عوبەیدوڵڵا مووسازادە پێش نوێژی سوننەکانی تاران و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو.

باس لەوەش کراوە کە تەنانەت تەلەفوونی ئەو کەسە ئاینییەش زەوت کراوە.

پێشتریش ئەو شوێنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە داخرابوو و رێگەیان نەدابوو کە سوننەکانی نیشتەجێی تاران رێوڕەسمی ئاینیی خۆیان لەوێ بەڕێوە ببەن.

دەوترێت کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا هێزە ئەمنیەتی و ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران لە زیادبوونی پەیڕەوانی ئاینیی سوننە لە تاران نیگەرانن و بە بەردەوامی بە بیانووی جۆراوجۆر گوشار دەخەنە سەریان و بە تۆمەتی ئەمنیەتی ـ سیاسی دەستبەسەریان دەکەن.

لەو بارەیەوە چالاکانی مەزهەبی سوننە و بە تایبەت مەولانا عەبدولحەمید بە بەردەوامی ناڕەزایەتیان بەو دۆخە دەربڕیوە، بەڵام ناوەندە ئەمنیەتییەکان بە دەستگیر کردنیان پێش بە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانیان دەگرن.