کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموكرات لەدوویەمین ساڵیادی كۆچی دوایی فەلەكەدین كاكەی

17:01 - 10 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی رێبەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەشداریی لەکۆڕیادی دوویەمین ساڵڤەگەڕی کۆچی دوایی فەلەکەدین کاکەیی ئەدیب و مێژووناسی ناسراوی کورد، لەهەوڵیردا کرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٨ی گەلاوێژ کۆڕیادێک بە بۆنەی بیرئانینی کۆچی دوایی فەلەکەدین کاکەیی کەسایەتی رووناکبیری کورد، لەشاری هەولێر بەڕێوە چوو.

لەو رێوڕەسمە ماتەمینییەدا شاندێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزب بەشدار بوو.

لەو کۆڕیادەدا پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموكرات بەبۆنەی دوویەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە پێشكەش کراوە.

شاندی حیزبی دێموکرات لەپەراوێزی کۆڕیادەکەدا چاویان بە ژمارەیەك لەلایەن و كەسایەتی سیاسی و رۆشنبیر كەوتووە.

دەقی پەیامەکەی دەفتەری سیاسی بەم چەشنەیە:

كۆڕگێڕانی بەڕێز !
بەشداربووانی هێژا !
بنەماڵەی سەربەرزی كاك فەلەكەدین كاكەیی !

سڵاوێكی گەرمتان لێ‌ بێ‌

بە دڵێكی پڕ لە وەفا ‌و ئەمەگناسییەوە بە ناوی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە لەم كۆڕیادەدا سڵاو رێزی بێ‌‎پایانمان پێشكەش بە گیانی پاكی تێكۆشەری نەمر ‌و خەباتگێڕانی رێگای ئازادی ‌و سەربەستی كورد ‌و كوردستان بەڕێز فەلەكەدین كاكەیی ‌و بنەماڵەی سەربەرز‌ و نیشتمانپەروەر ‌و هەڤاڵانی لەپارتی دێموكراتی كوردستان دەكەین.

بەڕێزان !
باس كردن لەسەر كەسایەتی سیاسی ‌و رووناكبیری بلیمەت ‌و خەباتگێڕێكی ماندوو نەناس ‌و پێشمەرگەیەكی رۆژەسەختەكانی گۆڕەپانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لە كۆڕێكی كورت ‎ماوەدا ناتوانێ‌ دەربڕی ئەم تایبەتمەندییە بەرزانە بێ‌ لەئاكار ‌و كرداری كاك فەلەكەدین كاكەیی ‌و لەئاست ئەو مێژووە پڕ لەسەروەری ‌و شانازییەی بێ‌.
ئەوە بۆ تێكۆشەرانی رێگای سەربەستی كورد گرینگە پاراستنی بەها سیاسی ‌و نەتەوەیی ‌و ئەدەبیەكانی ئەو خەباتگێڕە نەمرەی گەلەكەمانە ‌و رێزگرتنە لەرێبازی خەباتگێڕانەیان.

ئێمە لەم رێوڕەسمەدا جارێكیتر خەبات ‌و بەرخودانی ئەم سیاسەتوانە نیشتمانپەروەرە بەرز دەنرخێنین ‌و هیوای سەركەوتنی رێبازەكەی كە خزمەت بە ئامانجە نەتەوەییەكانی گەلی كوردە بوو بە ئاوات دەخوازین.

سڵاو لە گیانی پاكی كاك فەلەكەدین كاكەیی
محەممەدنەزیف قادری
ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ‌و بەرپرسی شاندی بەشدار لە كۆڕەكەدا

٨ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی
٣٠ ژولای ٢٠١٥ی زایینی