کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەمەریوان و ئیلام رووی دا

17:09 - 10 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: ١٥ هێکتار لەدارستان و لێڕەوارەکانی دینارکێوی شارستانی ئابدانان لە پارێزگای ئیلام لەئاگردا سووتا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، چیای ناسراو بە دینارکێو لەشارستانی ئابدانان و سەر بە پارێزگای ئیلام ئاگری تێبەردراوە و زیانێکی زۆر بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتووە.

ئەو ئاگرە لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە لە دینارکێوی بەردراوە و بە هەوڵ و تێکۆشانی ژمارەیەک لاوی ژینگە پارێزی ئەو شارە کۆنتڕۆڵ کراوە.

بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان کە لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی سەر بە رێژیمی ئێران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئیستا لانیکەم ٢٥ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەدارستان و لەوەڕگەکانی ئیلام رووی داوە.

لەلایەکی دیکەشەوە لە شاری مەریوان دەیان هێکتار لە دارستانەکانی سەیفی سەروو لە ئاگردا سووتاوە و ئاگرەکە بەشێک لە لەوەڕگە و دارستانەکانی سەلەسی و چاوگیشی لەخۆگرتووە و زیانێکی بەرچاوی بەو دارستانانە گەیاندووە.

دەوترێت ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بە هەوڵ و چالاکیی دانیشتوانی گوندەکانی سەیفی سەروو، سەلەسی، چاوگ و ئەنجومەنی سەوزی چیا کۆنتڕۆڵ کراوە.

لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا بە دەیان بنەدار لە جۆرەکانی گێوژ، هەرمێی خۆرسک، مازوو، بەڕوو و ... بە تەواوەتی لە ناو چوون.

ساڵانە پانتایەکی زۆر لەدارستان و لەوەڕگەکانی پارێزگاکانی کوردستان و بە تایبەت ناوچە سنوورییەکان ئاگریان تێبەر دەدرێت و بەرپرسانی رێژیم هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵنەگرتووە.