کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئینتزامییەکان لە ناوچەی سنووری ئورمیە ٣ کۆڵبەریان دایە بەر تەقە

23:48 - 12 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران لە درێژەی زەخت و گوشارەکانیاندا، تەقەیان لە سێ کۆڵبەری کورد کردووە و یەکێکیان بریندار بووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، هێزە ئینتیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکانی سەربە پارێزگای ئورمیە تەقەیان لە سێ کۆڵبەر و کاسبکار کردووە و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەریان دەستبەسەر کردووە و یەکیان بە توندی بریندار بووە.

ئەو سێ کۆڵبەرە کوردە خەڵکی گوندی کەڵاز سەر بە پارێزگای ئورمیەن، و هەتا ئێستا شووناسیان ناڕوونە.

کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و کوردستانی عێراق، ساڵانێکە بووتە کارێکی باو و هەروەها رێگایەک بۆ بەدەست هێنانی بژیوی ژیان و لەم پێناوەشدا زوریان بوونەتە قوربانی و ئەم دیاردەیەش هەر بەردەوامە.
نەبوونی کارخانە، کارگە، هەلی کار و سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی داهات، بۆتە هۆی دابەزینی ئاستی خۆش‌بژیویی خەڵکی ناوچە و خەڵک بەناچاری روویان لە کاری پڕ مەترسیی کۆڵبەری لەسەر سنوورەکان کردووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئامارەکان نیشان دەدەن کە لە ماوەی ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٦ کۆڵبەر بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە کۆی گشتی ٨ کوژرا و ٨ دیکەش بریندار بوون.