کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژایەتی لەگەڵ ئازادی مەرجداری کەبوودوەند کرا

15:48 - 13 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: دادوەری تاران لەگەڵ گۆرینی دۆخی زیندانی محەممەد سەدیق کەبوودوەند، دامەزرێنەری رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان دژایەتی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دادوەری تاران لەگەڵ داواکاری بەرپرسی زیندانی ئەڤین بۆ گۆڕینی دۆخی زیندانی کەبوودوەند و ئازادی مەرجداری ناوبراو دژایەتی کردووە.

بەرپرسی زیندانی ئەوڤین لە کۆتایی مانگی رابردوودا لە دادستانی تاران داوای کردبوو ئاڵوگۆر بە سەر بارودۆخی زیندانی محەمەد سدیق کەبوودوەند بێنێت و بە شێوەی مەرجدرا ئازاد بکرێت.

ماڵپەڕی رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لەم بارەیەوە راگەیاندووە: لە وڵامی داواکاری بەرپرسی زیندانی ئەڤین دادستانی تاران وتوویەتی: داواکاری ئێوە لە رێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٩٤هەتاوی، سەبارەت بە ئازادی بە شێوەی مەرجداری محەممەد سەدیق کەبوودوەند دژایەتی کراوە.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند رێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٨٦ی هەتاوی دەسبتەسەر و بە تۆمەتی \'\'هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە رێگەی دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان\'\' حوکمی ١٠ ساڵی زیندانی بەسەردا سەپا و هەروەها بە تۆمەتی \'\'پڕوپاگەندە دژی نیزام\'\' لە رێگەی پێوەندی و قسەکردن لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و پیوەندی لەگەڵ کوفی عەنان سکرتێری پێشووی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وتووێژ لەگەڵ میدیاکان، یەک ساڵی دیکە زیندانی بۆ بڕایەوە.

حوکمی ١١ ساڵی زیندانی محەممەد سەدیق کەبوودوەند لە لقی ٦٥ دادگای پێداچوونەوە پارێزگای تاران، پشتڕاست کرایەوە و هەنووکە لە زیندانی ئەڤین ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

کەبوودوەند ٨ ساڵ پێش لە ئێستا لە زیندانی ئەڤین، ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات و لە ماوەی تێپەڕاندنی حوکمەکەی دوو جار جەڵدەی دڵ و جارێکیش تووشی جەڵدەی مێشک بووە.