کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی دوو هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین

16:25 - 13 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: دوو هاووڵاتیی دیکەی کورد تووشی رووداوی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و ئێراق بوون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دوشەممە رێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە نزییکی گوندی لەنگریز سەر بە شارستانی سەوڵاوا بە هۆی تەقینەوەی مینە چیندراوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، کوڕێکی تەمەن ١٣ ساڵە بە ناوی بێهزاد ئیبراهیمی گیانی لە دەست دا و منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵەش بە ناوی فەرشاد یەعقووبی بە توندی بریندار بوو.

بەپێی راپۆرتە گەیشتووەکان باروودۆخی جەستەیی فەرشاد یەعقووبی نالەبارە و لە ژێر چاوەدێری پزشکی دایە.

بێهزاد ئیبراهیمی و فەرشاد یەعقووبی خەڵکی گوندی بێساران سەر بە شاری مەریوانن و لە کاتی کایە کردن بە مینە چێندراوەکە لە نزییکی پاسگایەکی رووخاوی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق تووشی ئەو رووداوە بوون.

ئامارەکان باس لەوە دەکەن لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٦ هاووڵاتیی کورد لەپارێزگا کوردنشینەکان بوونەتە قوربانی مینە چێنراوەکان.

لە کۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٦ هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەست داوە و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. 

 لەناوچوونی مەڕ و ماڵات و کوژران و برینداربوونی وەرزێڕان و کاسبکارانی کورد بە یەکێکی دیکە لە ئاسەوارەکانی مینی چێندراو لە کوردستان دێتە ئەژمار.

ماوەیەک لەمەوبەر کانوونی بەشداریی لەخاوێن کردنەوەی مین رایگەیاندبوو،  نزیک بە ١٣ ملیۆن لە جۆرەکانی مین و ماددەی تەقەمەنی لەخاکی پێنج پارێزگای ئورومیە، سنە ، ئیلام، کرماشان و خوزستان بوونی هەیە.