کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەبوودەوند لەزیندانی ئێوینی تاران مەترسیی گیانی لەسەرە

14:39 - 15 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا:  گیان و دۆخی جەستەیی محەممەد سەدیق کەبوودوەند سەرۆکی بەندکراوی رێکخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی کوردستان، بە هۆی دابەزینی فشاری خوێن، لەمەترسیدایە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، محەممەد سەدیق کەبوودوەند چالاکی مافی مرۆڤ و دامەزرێنەری رێکخراوی بەرگری لەمافی مرۆڤی کوردستان تووشی دابەزینی فشاری خوێن و بێهۆشی هاتووە.

کەبوودوەند کە ماوەی ٩ساڵە دەستبەسەرە، لەگرتووخانەی ئێوینی تاران دۆخی جەستەیی تێکچووە.

ئەو چالاکە مافی مرۆڤییە لەماوەی دەستبەسەرکرانیدا تەنیا یەک جار ئەویش پاش مانگرتنی لەخواردن، مەرەخسی پێدراوە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران لەتاران سەرەڕای داواکاریی بەرپرسی زیندانی ئێوین سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ پێکهێنان لەدۆخی کەبوودوەندا، دژایەتی خۆی لەو پێوەندییەدا دەربڕیبوو.

محەممەد سدیق کەبوودوەند بە تۆمەتی پـڕوپاگەندە بە دژی رێژیمی ئێران و دامەزراندنی رێکخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی کوردستان، رێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٦ی هەتاوی دەستبەسەر کرا.

بەرپرسی رێکخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی کوردستان، پاش ٧ مانگ دەستبەسەری لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا، بە ١١ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا.

ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەوە وەکوو خۆی تەئید کرایەوە.

کەبوودوەند لەماوەی ئەو نۆ سال دەستبەسەرییەدا دوو جار تووشی سەکتەی دڵ و مێشک هاتووە.