کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد حوکمی ١٢ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە

18:19 - 23 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: دادگای ئینقلابی ئورمیە، لاوێکی کوردی خەڵکی پیرانشاری پاش زیاتر لە دوو ساڵ چارەنووسی ناڕوون بە ١٢ ساڵ و سێ مانگ زیندانی مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئومید مامەندنەژاد کوڕی ئەحمەد خەڵکی پیرانشار لەلایەن دادگای ئینقلابی ئورمیەوە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسییەکانی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران و تێکدانی ئەمنییەتیی نەتەوەیی بە ١٢ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگای ئینقلابی ئورمیە بە بێ بەشداری ئومید مامەندنەژاد، ئەم حوکمەی بۆ بڕیوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە رێکەوتی ٢٨ی رەشەمەی ١٣٩٢ی هەتاوی، لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر و ماوەی ٢ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە زیندانی بوو و پاشان بۆ زیندانی ناوەندیی ئورمیە راگوێزرابوو.

بەپێی ئەم راپۆرتە ئومید مامەندنەژاد لە کاتی دەستبەسەرکران و راگوێزران بۆ زیندانی ناوەندیی ئورمیه هەتا ئێستا، چارەنووسی ناڕوون بووە.

لە زۆربەی دۆسیە پەیوەندییدارەکانی زیندانییانی کورد کە بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنییەتی بەرەوڕوو بوونەتەوە، قۆناغە یاساییەکانی دادڕەسی لەبەرچاو ناگیردرێت، هاووڵاتییانی کوردی زیندانی پارێزەریان نییە و لێدوانی ئەوان لە قۆناغی یاسایی دادڕەسییەکاندا لە بەرچاو ناگیردرێت و لە زۆربەی رەوتی دادگایی کرانەکاندا، هاووڵاتییانی کوردی بەندکراو دەکەونە بەر ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم بەو شێوەیە دان‌پێدانانی تۆمەتبارەکان کە هیچ تاوانێکیان نییە وەردەگرێت و دادگاکانیش لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانە زۆرەملێیە حوکمی دەستبەسەرکراوەکان دەردەکات.