کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات بەشێکە لە فەرهەنگی میللەتی کورد

18:19 - 22 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: پێشانگایەکی وێنە، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بارەگای سەرەکیی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، پێشانگایەکی وێنە بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەری یادی ٧٠ ساڵەی دامەزارنی حدکا لە بارەگای سەرەکیی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە کرایەوە.

ئەو پێشانگایە لە لایەن محەمەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کرایەوە و هەر وەها بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی رێبەری حیزب و کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان لە کردنەوەی ئەو پێشانگایە بەشدار بوون.

ئەو پێشانگایە مێژووی ٧٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سێ قۆناغی مێژوویی جیاوازدا واتا لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری کوردستان، شۆڕشی چەکداریی ٤٧ ــ ١٣٤٦ و شۆڕشی گەلانی ئێران تا سەردەمی ئێستای خەباتی حیزبی دێموکراتی لە خۆوە گرتووە کە هەر قۆناغێک باس لە سەردەمێکی نوێ و جیاوازی خەباتی ئەو حیزبە دەکات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە وتووێژیکدا لەگەڵ کۆمیتەی بەڕێوەبەری ئەو پێشانگایەدا رایگەیاند، ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەو پێشانگایە ئەوەیە لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزانی حدکادا رابگەێنین، حیزبێک مێژووی درووست کرد بۆ نەتەوەیەک، بۆ خەڵکی بەشێک لە کوردستان، بە واتایەکی دیکە حیزبێکی خەڵكی کە ئێستا بووەتە بە بەشیک لە فەرهەنگی میللەتی کورد بۆ نواندنەوەی رووداوەکانی ئەم حیزبە بە نەوەی نوێ کە ئێمە دەوڵەتێکمان هەبووە کە بە پلان و پیلان رووخاندیان، حەق وایە نەوەی نوێی کۆمەڵگای کوردستان بۆ بنەجی کردنەوەی ئەو بنەمایانەی کە کۆماری کوردستانی لەسەر دامەزرا هەم بە رێبازەکەی وەفادار بن، هەمیش خەبات بکەن بۆ بەدەستهێنانەوەی.

بەڕێوەبەرانی ئەم پێشانگایە لە درێژەدا بە هەواڵنێری کوردستان میدیایان راگەیاند، رووداوی کۆماری کوردستان لە مێژووی سیاسی ــ نەتەوەیی میللەتێکدا ئاسایی نییە و هەمیشە لە میژوودا دەمێنێتەوە و ماوەتەوە، حکوومەتێکی خۆجێی کە لەسەر ٢ بنەمای سەرەکی واتا دێموکراسی و دابین‌بوونی مافی نەتەوایەتی دامەزرا کە دواتر بە هۆی بەرژەوەندی ئەوکاتی زلهێزەکانی جیهان روخێندرا.

ئەو پێشانگایە لە قۆناغی یەکەم‌دا باش لەوە دەکات کە کام سەرۆک کۆمار بۆ پاراستنی خەڵکی خۆی بە پێی خۆی دەچێتە ژێر پەتی سێدارە و بە کردەوە و هێز دەسەلمێنێت کە ئاشتیخوازە و مافی چارەنووس، مافی بێ ئەملاوئەولای هەر نەتەوەیەکە؟

لە قۆناغی دووهەم‌دا باس لەوە دەکات کە گەرچی کۆماری کوردستان رووخا بەڵام بنەما و هزری ئەو رووداوە گرینگە مێژووییە لە مێشکی رۆڵەکانی نەتەوەی کورددا مایەوە و دواتر لە ساڵەکانی ٤٧ ــ ١٣٤٦دا مەسەلەی کورد لە زانکۆکان و لە نێو توێژی رووناکبیری کۆمەڵگادا پەرە دەستێنێت و بۆیە بۆ وەرگرتنی مافەکانی نەتەوەی کورد شۆڕشی چەکداری دەست پێ دەکات.

لە قۆناغێ سێهەم‌دا ئەو پێشانگایە باس لە شۆڕشی دوای گەلانی ئێران و خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات تا سەردەمی ئێستا دەکات، کە حیزبی دێموکرات کە نوێنەرایەتی بەشێکی میللەتی کورد دەکات، هەمیشە پابەندی پرەنسیپە جیهانییەکان بووە.

ئێستا لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات‌دا لە رێگای ئەو پێشانگایە دەمانهەوێ کە خەبات و تێکۆشانی بێ‌وچانی حیزبی دێموکرات بە نەوەی نوێی بگوازینەوە.