کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژەی بێکاریی لەبۆکان بە بەراورد لەگەڵ شارەکانی دیکە زیاترە

16:01 - 27 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: فەرمانداری شاری بۆکان وێڕای ئاماژە بە قەیرانی بێکاریی لەو شارە باسی لەوەش کردووە کە رێژەی بێکاریی لەبۆکان بە بەراورد لەگەڵ شارەکانی دیکەی پارێزگای ئورمیە زۆر زیاترە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسی فەرمانداریی رێژیم لەشاری بۆکان رایگەیاندووە، رێژەی بێکاری لەو شارە حاڵەتی قەیرانی بە خۆیەوە گرتووە بە چەشنێک کە ئەو قەیرانە ١٠%یش لەنێونجی ستانداردی بێکاریی لەئاستی پارێزگادا زیاترە.

پرسی بێکاریی لەئێران تەنیا تایبەت بە شار و پارێزگایەک نیە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان بەشێکی بەرچاو لەحەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن.

ماوەیەک لەمەوبەریش نوێنەری پارێزگای ئیلام لەمەجلیسی رێژیمی ئێران رایگەیاندبوو، لەو پارێزگایە زیاتر لە ١٥ هەزار كەس كە دەرچووی زانكۆ و خاوەن بڕوانامەی بەكالریوس و ماستەرن بێکارن و هیچ كارێكی تایبەت بە پسپۆڕیی خۆیان نییە.

لەم چەند ساڵەی دواییدا هیچ گۆڕانێك سەبارەت بە ڕەخساندنی هەلی كار لە ئیلام رووی نەداوە و بەشێكی زۆر لە لاوەكانی ئەو پارێزگایە بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن.

پێشتر لێپرسراوێک لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێژیمی ئێران ئاشکرای کردبوو، شەش ملیۆن خاوەن بڕوانامەی زانکۆ لەئێران بێکارن و رێژەی بێکاری ژنان بە بەراورد لەگەڵ پیاوان دوو قات زیاترە.
لە حاڵی حازردا ١٠ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دەرچووی زانکۆ لە ئیران هەیە و لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٦ ملیۆن کەسیان لە بازاڕەکانی کاردا نەیانتوانیوە کار دەست بخەن و ئەمەش لەحاڵێکدایە کە بەم نزیکانە زیاتر لە چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار خوێندکاری دیکەش زانکۆ تەواو دەکەن و پەیوەست بە رێژەی بێکاران دەبن.

لەو بارەیەوە بانکی نێودەوڵەتی دراو بڵاوی کردبوویەوە ، ساڵانە نزیک بە ١٥٠ هەزار کەس کە خاوەنی بڕوانامەن وڵاتی ئێران بەجێ  دێڵن، هەروەها وتراوە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان رێژەی بێکاریی لە ساڵی ٢٠١٤دا، زیاتر لە  ١٠% بووە، ئەمە لە حاڵێک دایە سەرچاوە نافەرمییەکان باس لە بێکاریی 20%ی دەکەن.