کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێکی خەڵکی ئورمیە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کوژرا

17:51 - 28 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ئورمیە کە لەناوچە سنوورییەکانی مرگەوەڕ سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم گیانی لە دەست دا.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە، ئێوارەی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ئورمیە بە ناوی باباخان ئەحمەدوەش تەمەن ٣٩ ساڵ دانیشتووی گوندی کەچەڵەی سەر بە شاری ئورمیە، بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیران گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، ئەو کۆڵبەرە کورد سێ منداڵی هەیە کە بۆ بژێوی ژیانی رووی لە کاری پڕ مەترسی کۆڵبەری لەناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و تورکیە کردبوو.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە بردراوەتە پزشکی قانوونی شاری ئورمیە و رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

لەو پێوەندییەدا چەند رۆژ لەمەوبەر هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی سەیران‌بەندی شاری بانە تەقەیان لە کۆلبەرێکی کورد بە ناوی ئەمجەد رەمەزان‌پوور کردبوو و لە ئەنجامدا بە توندی بریندار ببوو.

کۆڵبەری لەناوچە سنوورییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، ساڵانێکە بووەتە کارێکی باو و هەروەها رێگایەک بۆ بەدەست هێنانی بژیویی ژیان و لەم پێناوەشدا زورێک لە کوڵبەران بوونەتە قوربانی و ئەم دیاردەیە ئیجبارییە هەر بەردەوامە.

نەبوونی کارخانە، کارگە، هەلی کار و سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی داهات، بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی خۆش‌بژیویی خەڵکی ناوچە و خەڵک بەناچاری روویان لە کاری پڕ مەترسیی کۆڵبەری لەسەر سنوورەکان کردووە.