کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ لە بریتانیا

17:49 - 29 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ، یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بریتانیا بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٤، رێوڕەسمی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداری ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب، لە وڵاتی بریتانیا بەڕێوەچوو.

سەرەتا رێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب‌ و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاکی شەهیدانی گەل و نیشتمان دەستی پێکرد.

پاشان، پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی حیزبەوە لەلایەن سولێمان مورادیان بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە، خوێندرایەوە.

مورادیان لەپەیامەکەدا ئاوڕێکی لە مێژووی پڕ لە سەروەری حیزب لە ماوەی ٧٠ ساڵ تەمەنی پڕ لەکەند و کۆسپی ئەو حیزبە داوەتەوە کە چۆن لە رۆژانی سەخت و دژواردا توانیویەتی بە سەر رووداوەکاندا زاڵ بێت و بە سەربەرزی ئاڵای دێموکراتی بەرز و شەکاوە راگرتووە.

هەر لەو پێوەندییەدا پەیامی کۆمیتەی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن مەریەم رەحمانی بەرپرسی گشتیی یەکیەتیی ژنان لەو وڵاتە، خوێندرایەوە.

پاشان، پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن پەروێز موحەممەدیـەوە پێشکەش کرا.

لەو رێوڕەسمەدا چەند پارچە هۆنراوەیەک لەلایەن فەتحی میرزاییانـەوە پێشکەش کراوە.