کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەوڵاتی نۆروێژ یادی ٧٠ ساڵەی تەمەنی حیزبی دێموکرات کرایەوە

16:19 - 31 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی ٦ حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستان لەوڵاتی نۆروێژ بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٤، رێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ بە بەشداری ئەندامان، و دۆستانی حیزب، هەروەها لایەنە سیاسییەکان، لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوەچوو.

سەرەتا، رێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب‌ و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی پاکی شەهیدانی گەل و نیشتمان دەستی پێکرد.

پاشان، پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی حیزبەوە لەلایەن نادر قوەتی، بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە، خوێندرایەوە.

دواتر وتارێک لەسەر مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن کەسایەتی ناسراو و ئەندامی پێشووی رێبەری حیزب دوکتور حوسێن خەلیقیـەوە پێشکەش کرا.

پاشان سروودی گەلاوێژ لەلایەن سمکۆ بێکەس پێشکەش بە بەشدارانی رێوڕەسمەکە کرا.

پەیامی کۆمیتەی گشتیی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان، خوێندکاران و کۆمەڵەی کلتوری کوردی لەلایەن منیرە جیهانیـیەوە خوێندرایەوە. 

کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان بە بۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی حیزبی دێموکرات پەیامێکی بۆ رێوڕەسمەکە ناردبوو کە لەلایەن محەممەد ئەسکەندەر ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی نوروێژ پێشکەش بە بەشدارابووان کرا.

هەروەها پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران فێدراڵ کە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب بۆ رێوڕەسمەکە نێردرابوو لەلایەن پەرویز ئەفشار خوێندرایەوە.

هەر بۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەندین حیزب و لایەنی سیاسی پەیامی پیرۆزباییان پێشکەش بە رێوڕەسمەکە کردبوو کە بریتین لە:

ــ حیزبی شیوعی کوردستان
ــ یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
ــ پارتی سەربەستی کوردستان
ــ بزووتنەوەی گۆڕان
ــ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
ــ وێنسترا پارتی

رێوڕەسمەکە بە گۆرانی و شادی لەلایەن هونەرمەند قادر ئەلیاسی و شێرکۆ مەریوانییەوە کۆتایی پێهات.