کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادێک بەبۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستان لە نوروێژ بەڕێوەچوو

16:52 - 17 خاکەلێوه 2712

ک/مــــــــــــیدیا: کۆڕیادێک بەبۆنەی 10ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ نوروێژ، بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی 12ی خاکەلێوەی 1391ی هەتاوی، کۆڕیادێک بەبۆنەی 10ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان، لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ نوروێژ، بە بەشداریی سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە و نوێنەرانی حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان، لە ناوچەی لیل لەستروێم بەڕێوەچوو.

ریزبەندی رێوڕەسمە کەبەم شێوەیە:
ــ پێشکەش کردنی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان
ــ هەڵکردنی شەست و پێنج مۆم بە نیشانەی شەست و پێنجەمین ساڵیادی شەهیدانی کوردستان لەلایەن پەری ئەفشین، کچی شەهید و مریەم کەریمی، خوشکی شەهیدەوە
ــ پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانی ــ نوروێژ، لەلایەن بەڕێز کاوە عەبداڵی
ــ پێشکەش کردنی پەخشانێک لە ژێر ناوی کووچە و کۆڵانە دڵتەنگەکانی مەهاباد لەلایەن مەنسوور عەزیزییەوە
ــ پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان، لە نوروێژ، لەلایەن بەڕێز ئیبراهیم کۆنەپۆشی، بەرپرسی ئەو کۆمیتەیە
ــ پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان لە نوروێژ لەلایەن بەڕێز محەممەد ئەسکەندەرەوە
ــ پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە نوروێژ لەلایەن بەڕێز ئەنوەر بایەزیدییەوە
ــ پەیامی یەکیەتیی ژنان، لاوان، خوێندکاران دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی کولتووری گشتیی کوردی، لەلایەن رەعدە پاڵانی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات، لە نوروێژ پێشکەش کرا
ــ پێشکەش کردنی هەڵبەستێک لە ژێر ناوی دایکی شەهید، لەلایەن بەڕێز سمکۆ بێکەسەوە

بەشی دووهەمی کۆڕیادەکە تەرخان کرابوو بۆ سمینارێک لەسەر 10ی خاکەلێوە، کەسایەتیی پێشەوا قازی موحەممەد و ئاڵۆگۆڕەکانی ئەمڕۆی ناوچەکە و کورد و پرسی هاودەنگی و یەکگرتن لە پێناو مافە رەواکانی گەلی کورددا.

لەو بـڕگەیەشدا هەڵبەستێک لەلایەن رێزدار هیوا ئەحمەدییەوە پێشکەش کردا.

لە دوایین بەشی بەرنامەکەدا، بەڕێز قادر رەسووڵی، بەرپرسی بەشی بۆنەکان لەپێوەندی لەگەڵ بۆنە جیاوازەکاندا گوتەیەکی پێشکەش کرد و هاوکات سوپاسی هەموانی کرد بۆ ئامادە بوونیان و پاشان نامەی رێزلێنانی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە نوروێژ، لەلایەن بەڕێزان کاوە عەبداڵی و ئیبراهیم لاجانییەوە، پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان کرا.